نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، پێشوازی لە ستیفن فاگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد. تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان تەوەری سەرەکی دیدارەکە بوو.
مالیکی لەبارەی کۆنترۆڵکردنی چەک رایگەیاند، لە 30ـی ئەیلوولدا خشتەی کاتی و بەرنامەی تایبەت بە حەسری چەک لە دەستی دەوڵەتدا رادەگەیەنرێت. مالیکی روونیکردەوە، لێژنەی چوارچێوەی هەماهەنگی کار لەسەر ئەم پەڕاوە دەکات و پێویستە بەپێی دەستوور و یاسا و لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، مالیکی جەختیکردەوە عێراق بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک رەت دەکاتەوە، چ لەلایەن گرووپێکی عێراقییەوە بێت یان ناعێراقی، هەروەها داوای کرد چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان بکرێت.
هەردوولا بایەخی سەردانەکەی دوایی سەرۆکوەزیرانیان بۆ واشنتن تاوتوێ کرد. مالیکی داوای لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد بەشداری لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا بکەن، بەتایبەت لەو قۆناخەی دوای نەمانی بوونی سەربازیی بیانی.
ستیفن فاگن لە بەرامبەردا خواستی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی هاوکارییە ئابوورییەکان و وەبەرهێنان و پشتگیریکردنی عێراق لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا دەربڕی. کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بایەخدانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بۆ کارکردن لە عێراقدا دووپات کردەوە.

