بەرلەوەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانس، بە پۆستەکەی سەبارەت بە هۆکاری دۆڕانی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنە نیوەییەکاندا، پارتی کۆماری و تەواوی ئەمریکییەکان و جیهان شۆک بکات، کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی بە مەبەستی یەکخستنی هەڵوێستەکانی ئیدارەی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە تۆڕی “فۆکس نیوز”یان ڕاگەیاندووە کە بەیانی دوێنێ چوارشەممە، کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی ئەنجامدراوە بە ئامانجی یەکخستنی هەڵوێستەکان سەبارەت بە پەیامە سیاسییەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردنەکان.
بەڵام دوای کۆبوونەوەکە، ڤانس بەیاننامەیەکی درێژی لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” بڵاوکردەوە، کە تێیدا جیاوازیی بیروڕای خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، بەتایبەتی پرسی شەڕی دژ بە ئێران، نیشاندا. ڤانس پێیوابوو کە هۆکاری دۆڕانەکە زۆر ڕوونە، ئەویش “شەڕ”ە.
هاوپەیمانییەکی نوێ
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕوونیکردەوە کە ڤانس هەوڵدەدات هاوپەیمانییەکی نوێ لەگەڵ ئەو دەنگدەرە لایەنگرانەی ترەمپدا دروستبکات کە بەهۆی زیانە گەورەکانی هەڵبژاردنی نیوەییەوە تووشی نائومێدی بوون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ڤانس دەستی کردووە بە ئاراستەکردنی گوتاری سیاسی خۆی بەرەو ئەوەی کە بە “ڕاستڕەوی نوێ” دەناسرێت؛ ئەمەش ڕەوتێکە کە پێداچوونەوە بە سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەگرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە ئەندامانی ئەم ڕەوتە سیاسییە پێیان وایە شەڕی دژ بە ئێران پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە هەژموونی ئیسرائیلەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، هاوکات بەستراوەتەوە بەو پەیوەندییەی کە ترەمپ لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا کۆیدەکاتەوە.
بەڵام بەرپرسەکە لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە پەیامەکەی ڤانس بە واتای جیابوونەوە و دابڕان لە ترەمپ نایەت، هاوشێوەی ئەوەی مایک پێنس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا کردی، کاتێک دوای ڕووداوەکانی هەڵکوتانە سەر تەلاری کاپیتۆڵ لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا ترەمپی سەرکۆنە کرد. ئەو بەرپرسە زیادی کرد کە ڤانس لە جیاتی ئەوە، دەیەوێت پەیامێکی ڕوون ئاراستەی ئەو کۆمارییانە بکات کە پشتگیری لە ترەمپ دەکەن بەڵام لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەیدا کۆک نین یان وا هەست دەکەن کە بەهۆی ئەو سیاسەتەوە بێهیوا کراون

