ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.9.23، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی شارەکان و نەخشەسازیی هاوچەرخ، لە ڕێوڕەسمێکدا لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بریکاری وەزارەتی شارەوانی و سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، پەسندکردنی ماستەرپلانی شاری هەولێر 2050 ڕاگەیەندرا.
لەڕێورەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا، خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی پەسندکردنی ماستەرپلانی نوێی شاری هەولێر، ماستەرپلانی 2050 ڕاگەیاند و گوتی: ئەمڕۆ دەچینە قۆناغێکی دیکەی گەشەسەندن و بەردەوامیی هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان. لێرەوە پێش هەموو شتێک پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆشەویستی شاری هەولێر دەکەین، ئەو شارە مێژووییەی کە هەمیشە لە گەشەسەندن، لە ئارامی، لە پێشکەوتن و بەردەوامی زیاتری گەیشتن بە شارە جوانەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی جیهان دایە.
ڕاشیگەیاند، ئەم ماستەرپلانە وەک جەنابی وەزیر باسی لێوە کرد، هەولێر دەباتە قۆناغێکی دیکە لە چەند ساڵی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا سوپاس و تەقدیر پێشکەش بە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین کە ماوەی ڕابردوو ماندووبوونێکی زۆریان دا لە پێناو سەرکەوتنی کارەکانی جێبەجێبوونی ماستەرپلانەکە.
بۆئەو مەبەستەش سوپاسی وەزیری شاروانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەری گشتی و تیمی بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر کرد، کە ڕۆڵێکی گەورەیان لەو بوارەدا بینیوە.
لەکۆتایشدا، بەناوی پارێزگای هەولێر و خەڵکی هەولێر، سوپاسی جەنابی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد کە هاوکار بووە لە هەموو ئەو گەشەسەندنانەی لە هەرێمی کوردستان بووە، لەپێناو پارێزگاریکردن لە هەولێری پایتەختدا و هەموو ئەو پڕۆژانەی کە ئەنجامدراون، کە بەشێکیان ڕوئیا تایبەتی خۆی بووە، بەشێکی دیکە پلانەکان بوونە و بە گۆڕانکاری لە پێشکەوتنەکانی ڕۆڵی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەبووە.
گوتیشی، لەپێناو باشتربوونی ماستەرپلانەکە، خودی سەرۆکوەزیران ڕاو سەرنج و تێبینی هەبووە کە ئەو ڕاو سەرنج و تێبینییانە بنەمایەکی گرنگ بوونە بۆ گەشەسەندنی هەولێر لە ئایندە و خزمەتکردنی شاری هەولێر لە ئایندەدا.
جێگەی باسە، ئەم ماستەرپلانە نوێیە کە وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی ئاوەدانکردنەوەی هەولێر سەیر دەکرێت، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی گەشەسەندنی خێرای شارەکە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی هاوچەرخ بۆ نەوەکانی داهاتوو داڕێژراوە، پلانەکە ڕوانگەیەکی درێژخایەنی هەیە کە پەرەپێدانی شارەکە تا ساڵی 2050 لەخۆدەگرێت، بە جۆرێک کە هاوسەنگی لە نێوان ناوچەکانی نیشتەجێبوون، بازرگانی، و پیشەسازیدا دروست بکات، ئەم ماستەرپلانە نوێیە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە گەشەکردنی هەڕەمەکی و زامنکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، ڕێگەوبان و ناوەندە تەندروستی و پەروەردەییەکان لە سەرجەم گەڕەکەکانی هەولێردا.

