گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئاشکرای کرد، لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن بۆ بەردەوامبوونی ناردنی باری دۆلاری کاش بۆ عێراق.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لێدوانێکیدا بۆ (ئاژانسی هەواڵی عێراق)ی ڕایگەیاند: “لە ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران عەلی فاڵح زەیدی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەیشتووینەتە رێککەوتن لەبارەی بەردەوامبوونی ناردنی بارەکانی (شەحنەکان)ی دۆلاری کاش بۆ عێراق، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە رەواکانی دراوی بیانی و بڕیارە شەحنەیەکی نوێ لە چەند رۆژی داهاتوودا بگاتە عێراق”.
گوتیشی “ئەم لێکتێگەیشتنە لە بەر رۆشنایی ئەو پێشکەوتنەی عێراق لە پتەوکردنی سیستمی چاودێری بەسەر دابەشکردنی دۆلار و رێکخستنی بەکارهێنانەکانی و سنووردارکردنی حاڵەتەکانی خراپ بەکارهێنانی دراوی بیانی دێت، لەگەڵ فراوانکردنی ئامرازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و بەرەو هەنگاونان بۆ ئابووری دیجیتاڵی”.
پێشتر واشنتن ناردنی دۆلاری بۆ بەغدا راگرتبوو بەهۆی گومانی بەکارهێنانی لەلایەن گروپە چەکدارەکان و قاچاخبردنی بۆ ئێران، بەڵام بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەو کێشەیە چارەسەرکراوە و ناردنەوەی بارەکان دەستیپێکردووەتەوە.
شوان بەرزنجی

