zagros news agency

کازاخستان داوا لە بەرهەمهێنەرانی دراوی دیجیتاڵی دەکات کارەبای بەرهەمهێنراوی گازی هاوەڵی کێڵگەکان بەکاربێنن

حکومەتی کازاخستان ڕێگە بە بەرهەمهێنەرانی دراوی دیجیتاڵی (ماینەرەکان) دەدات گازی هاوەڵی کێڵگە نەوتییەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای تایبەت بە خۆیان بەکاربێنن؛ ئامانج لەم بڕیارە کەمکردنەوەی سووتاندنی گاز، زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و ڕاکێشانەوەی وەبەرهێنەرانی دراوی دیجیتاڵییە بۆ وڵاتەکە.

هۆکاری پەنابردن بۆ گازی کێڵگە نەوتییەکان:
پرۆسەی دەرهێنانی دراوی دیجیتاڵی پێویستی بە بڕێکی زۆر لە کۆمپیوتەری تایبەت و کارەبای بەردەوام هەیە بۆ چارەسەرکردنی هاوکێشە بیرکارییە ئاڵۆزەکان.
لە ساڵی ۲۰۲۱دا، بەهۆی کەمیی ژێرخانی تۆڕی کارەبای کازاخستان کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت، هێرشی ماینەرەکان بووە هۆی گوشارێکی زۆر و پچڕانی کارەبا لە زۆربەی ناوچەکان.
حکومەت سەرەتا بەکارهێنانی کارەبای لە ماینەرەکان قەدەغە کرد و باجی بەرزکردەوە، ئەمەش بووە هۆی چوونە دەرەوەی بەشێکی زۆری ماینەرەکان لە وڵات. ئێستا حکومەت دەیەوێت لەڕێگەی دابینکردنی گازی هاوەڵی کێڵگە نەوتییەکانەوە هاوسەنگی بگێڕێتەوە.

سوودە ئابووری و ژینگەیییەکان بۆ هەردوو لایەن:
بۆ ماینەرەکان: بەدەستهێنانی سەرچاوەیەکی کارەبای سەربەخۆ، هەرزان و بەردەوام بەبێ دروستکردنی گوشار لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی، بەمەش تێچووی کارەبا بۆ چەندین ساڵ بە جێگیری دەمێنێتەوە.
بۆ کێڵگە نەوتییەکان: ڕێگری لە سوتاندنی گازی هاوەڵ(میسان) کە زۆر زیانبەخشە بۆ ژینگە، ڕزگاربوون لە سزا ژینگەیییەکان و هەروەها لابردنی کێشەی سنوورداربوونی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی گازی زیادەوە.
بە وتەی شارەزایان، ئەم پرۆژەیە هیچ تێچوویەکی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان نییە، چونکە تەواوی ژێرخان و ئامێرەکان لەلایەن سەرمايەدار و ماینەرەکانەوە دابین دەکرێن.

ئامار و توانای بەرهەمهێنان:
دانیاڕ موبارەکۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی بلۆکچێن و دەرهێنانی دیجیتاڵی ڕایگەیاند لە ساڵی ۲۰۲٤دا نێزیکەی ۳۰۰ تا ۳٤۰ ملیۆن مەتر سێجا گازی هاوەڵ لە کازاخستان سووتاوە، کە ئەگەر بگوازرایەتەوە بۆ کارەبا، تا ۱٫۲ بۆ ۱٫۳ تێراوات کاتژمێر کارەبای بەرهەم دەهێنا.
وەزارەتی وزەی کازاخستان ڕایگەیاندووە لە ئێستادا نێزیکەی ٤۰ تا ٦۰ کێڵگەی نەوتی گازی هاوەڵ دەسووتێنن و هەردوو وەزارەتی وزه و پەرەپێدانی دیجیتاڵی خەریکی داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایین تا هاوکاری نێوان هەردوو کەرتەکە ڕێکبخەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

مێتا چاویلکەی زیرەکی نوێ بە براندی تایبەتی خۆی دەخاتە بازاڕەوە

یاسین

مونا قه‌هوه‌چی: له‌ ٨ مارسدا ئافرەتان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باشتر و دادپەروەرتر هەیە

سەڵاح

کریستۆڤەر نۆلان: ڕکابەری لەگەڵ مێژووی سینەما دەکەم

ART