بەپێی یاداشتێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان و دەزگای شەهیدانی حکوومەتی فیدراڵ، مووچەی کەسوکاری شەهیدان لەگەڵ عێراق هاوتا دەکرێت و کەمترین مووچە بۆ 600 هەزار دینار بەرز دەکرێتەوە.
وردەکاریی هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان ئاشکرا دەکرێت؛ کەمترین مووچە دەبێتە 600 هەزار دینار و زۆرترینیشی ملیۆنێک و 200 هەزار دینارە.
لەو بارەیەوە، ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ زاگرۆس ڕاگەیاند، بەپێی ئەو یاداشتەی لەگەڵ دەزگای شەهیدانی حکوومەتی فیدراڵ کراوە، مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ کەسوکاری شەهیدانی عێراق هاوتا دەکرێت. ناوبراو ئاشکرای کرد، ئەو کەسوکاری شەهیدانەی مووچەکەیان 250 هەزار دینار بووە دەکرێتە 600 هەزار دینار، ئەوانەی 500 هەزار دینار بوون دەبێتە یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار، و ئەوانەش کە مووچەیان ملیۆن و 200 هەزار دینارە وەکو خۆی دەمێنێتەوە، جەختیشی کردەوە کە هەموو ئەوانەی مووچەیان لە خوار ملیۆنێک و 200 هەزار دینارە مووچەکانیان زیاد دەبێت. بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو زیادبوون و هاوتاکردنەی مووچە لە ساڵی 2027 دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
شایەنی باسە، بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ژمارەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان 81 هەزار کەسە و بڕی شایستەی مانگانەیان 56 ملیار و 766 ملیۆن دینارە.

