zagros news agency

پەرلەمانتارێک: ئیدارەی ترەمپ ڤیتۆی لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵدەگرێت

 

ئەبو تراب ئەلتەمیمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ئاشکرای کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق «بەخشینی ڕەزامەندیی» ئەمریکی بەدەستهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی کەسایەتییەک وەک جێگری خۆی؛ هاوکات ڕەخنەی توندی لە وەڵامدانەوەی حکومەتی عێراق بۆ قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران گرت و بە بڕیارێکی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی برد.

ئەلتەمیمی لە لێدوانێکدا بۆ شەفەق نیوز ئاشکرای کرد کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا لە دوا سەردانیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕەزامەندیی بەدەستهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران کە پێشتر «ڤیتۆ»ی ئەمریکی لەسەر بووە و بەپێی زانیارییەکان ڤیتۆکە لەسەر بنەمای بەڵێننامە و گەرەنتییەکانی زەیدی هەڵگیراوە.

سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی وەزاری، ئەلتەمیمی ڕوونی کردەوە کە یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵات بەڕێوە دەچێت.

ڕاشیگەیاند کە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی جەخت لەسەر کاندیدکردنی «قاسم عەتا» بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ دەکاتەوە و ئەوانیش پشتیوانی لەم کاندیدبوونە دەکەن.

پەرلەمانتارەکە بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانی بە پێچەوانەی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ناو برد، چونکە بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتە مەدەنی و سەربازییەکان تەنها لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی (ئیکاۆ – ICAO) وە دەردەچێت و بەدەر لەوە سەرپێچییەکی ئاشکرایە.

ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق هەفتەی ڕابردوو لە وەڵامی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (لە ٨ی ئەیلوول) دەرچوو کە ۳٦ لایەنی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران (لەوانەش ۲۷ کۆمپانیای فڕۆکەوانی) گرتبووەوە و لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە کەوتووەتە بوار جێبەجێکردنەوە.

حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا دەستپێکردووە تا هەندێک فڕۆکەخانەی عێراقی لە ڕاگرتنی گەشتە ئێرانییەکان بەدەر ببن.

هاوكات سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی پێشوازیکردن لە فڕۆکە ئێرانییەکان و لێکەوتە سیاسی و جەماوەرییەکانی ساز دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆ و جددی لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە بەردەوامیدان بە پێشوازیکردن لە فڕۆکە ئێرانییەکان فڕۆکەخانەکان و ئەو کۆمپانیایانەی خزمەتگوزارییان (لەوانەش نیشتنەوە، خزمەتگوزاریی زەمینی و سووتەمەنی) پێشکەش دەکەن، ڕووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا دەکاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاروانێکی گەورەی سەربازی و لۆجستی گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان

یاسین

خولە بەهێزەکان.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە

یاسین

هەواڵێكی گرنگ بۆ ئەوانە راگەیاندرا كە (هەژماری من)یان لە بانكێك هەیە و دەیانەوێ ئۆتۆمبێل بە قیست وەربگرن

سەڵاح