zagros news agency

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ هیندستان بەرز دەبێتەوە

 

عێراق لە مانگی ئەیلوولدا پلەی دووەمی ریزبەندی گەورەترین دابینکەرانی نەوتی خاوی بۆ هیندستان بەدەستهێنا، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەو وڵاتە بەراورد بە مانگی رابردوو.

بەپێی ئەو داتایانەی کۆمپانیای Kpler بۆ بەدواداچوونی بارهەڵگرەکانی نەوت بڵاویکردەوە و رۆژنامەی Business Standardـی هیندی باسی کردووە، بڕی هاوردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ هیندستان لە ماوەی ئەیلوول تا 27ـی هەمان مانگ، گەیشتووەتە نزیکەی 579 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.

عێراق لەم ریزبەندییەدا دوای رووسیا دێت، کە بە هاوردەکردنی 1.742 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، پلەی یەکەمی گرتووە. هاوکات لەدوای عێراق، سعوودیە بە 570 هەزار بەرمیل، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان بە 483 هەزار بەرمیل و کوەیت بە 333 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا ریزبەند کراون.

کۆی گشتیی هاوردەکردنی نەوتی خاوی هیندستان لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە نزیکەی 5.251 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەم بڕە بەراورد بە تێکڕای هاوردەکردن لە مانگی ئابدا، کە 4.654 ملیۆن بەرمیل بووە، بە رێژەی 13%ـی بەرزبووەتەوە.

لە مانگی ئابدا بڕی هاوردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ هیندستان نزیکەی 163 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بووە. ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلوولدا بە بڕی 416 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

خولی ئیتاڵیا.. ئینتەر میلان گۆڵبارانی ڤیرۆنای کرد

یاسین

بەربژێرانی پارێزگاری کالیفۆرنیا لەبارەی کێشەکانی سینەما بێدەنگن

ART

جادووگەرێكی مەترسێدار دەستگیركرا

گوران