ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ی ئەیلوولی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخەکانی نەوت لە جیهاندا پاشەکشەیەکی دیاریان تۆمارکرد، دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتبوونە ئاستێکی بەرز.
هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینەی نرخەکان بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کە ڕۆژی چوارشەممە دڵنیایی دایە بازاڕەکان و ڕایگەیاند کە هەڵمەتی سەربازیی وڵاتەکەی دژی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام نابێت.
پەیامەی ترەمپ بووە هۆی ڕەواندنەوەی بەشێک لە دڵگرانییەکانی وەبەرهێنەران سەبارەت بە پچڕانی درێژخایەنی گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمز، بەوەش شەپۆلێکی فرۆشتنی گرێبەستەکان لە بازاڕدا دەستی پێکرد و نرخەکانی هێنایە خوارەوە.
لە گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت پاشەکشەی کرد و نیشتەوە سەر 94.71 دۆلار، کە بەراورد بە ئاماری دوێنێ (95.79 دۆلار) بە بڕی 1.08 دۆلار دابەزیوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە هەمان شێوە دابەزی و گەیشتە 90.38 دۆلار، کە بەراورد بە ئاماری دوێنێ (91.18 دۆلار) دابەزینێکی 0.80 سەنتی نیشان دەدات.
ئەم پاشەکشەیەی نرخەکان دەریخست کە بازاڕی جیهانیی وزە تا چەند حەساسە بە ئاماژەکانی هێوربوونەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، بە جۆرێک بچووکترین پەیامی دڵنیاکەرەوە لە واشنتنەوە ڕاستەوخۆ فشار دەخاتە سەر نرخەکان بە ئاڕاستەی خوارەوە.

