توێژینەوەیەکی زانایانی زانکۆی کاڵگاری کەنەدا دەریدەخات، بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە بەردەم شاشەکاندا پەیوەندیی بە دابەزینی ئاستی ئەکادیمی و کێشەی گەشەی زمانەوانییەوە هەیە، هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاستەنگی سۆزداری و کۆمەڵایەتی. توێژەران جەختیان لەوە کردەوە، ئەنجامەکان هێشتا وەک پەیوەندییەکی راستەوخۆی هۆکاری پشتڕاست نەکراونەتەوە.
گۆڤاری کۆمەڵەی پزیشکی ئەمریکی “جاما” بڵاویکردەوە، زانایان دوای شیکردنەوەی داتای زیاتر لە 2.8 ملیۆن منداڵ لە 64 وڵاتدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامانە. ئەم دۆزینەوانە لە چوارچێوەی پێداچوونەوەیەکی گشتگیری توێژینەوە زانستییە پێشووەکان بووە، کە کاریگەریی کاتی شاشەیان لەسەر گەشەی منداڵان تاوتوێ کردووە.
پێداچوونەوەکە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک، تەلەفزیۆن و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دیکەی گرتووەتەوە، لەوانەش یارییە ئەلیکترۆنییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەیرکردنی ڤیدیۆ.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، بەسەربردنی کاتێکی زۆرتر لە بەردەم شاشەکان پەیوەندیی بە دابەزینی ئاستی ئەکادیمیی گشتییەوە هەیە، بەڵام پێوەرەکانی ئاستی تاکەکەسی لە بیرکاری، خوێندنەوە و زانستەکاندا پەیوەندییەکی روونیان بە کاتی شاشەوە دەرنەخستووە.
توێژەران روونیکردەوە، ئەو بوارانە بە ئاستێکی پێویست لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە، بۆیە داتا بەردەستەکان رێگە نادەن بە گەیشتن بە ئەنجامی یەکلاکەرەوە دەربارەی کاریگەریی شاشەکان لەسەریان.
جگە لەوەش، بەکارهێنانی زۆری شاشە پەیوەندیی بە دابەزینی ئاستی گەشەی قسەکردنەوە هەبووە. منداڵان باسیان لە بوونی کێشەی زیاتری سۆزداری و کۆمەڵایەتی کردووە، لەوانەش ئاستەنگی تێکەڵبوون لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان.
توێژینەوەکە پەیوەندییەکی دیکەشی لە نێوان بەکارهێنانی زۆری شاشە و رەفتاری گۆشەگیری دۆزیوەتەوە، کە نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەگرێتەوە. لە کاتێکدا رەفتارە دەرەکییەکان، وەک تووڕەیی و نیشانەکانی کەمیی سەرنج و سەرەڕۆیی، زیاتر باو بوون.
بەپێی توێژەران، قەبارەی ئەو پەیوەندییانە نزیکە لە کاریگەریی ژمارەیەک فاکتەری دیکە کە بە کاریگەرییان لەسەر گەشەی منداڵ ناسراون، لەوانەش هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری، شێوازەکانی پەروەردە و لەدایکبوونی پێشوەختە.
توێژەران جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، پێویستە ئەنجامەکان وەک بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە لێک نەدرێنەوە کە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەبنە هۆی کێشەی سۆزداری، هزری یان رەفتاری لای منداڵان. توێژەران روونیشیان کردەوە، توێژینەوەکە پشت بە داتای توێژینەوە چاودێرییەکان دەبەستێت، بۆیە ناتوانێت پەیوەندییەکی هۆکاری بسەلمێنێت.
توێژەران ئاماژەیان بەوە کرد، زانایان هێشتا ناتوانن بە وردی جۆرەکانی ئەو شاشانە دیاری بکەن کە زۆرترین کاریگەرییان هەیە. توێژەران جەختیشیان لەوە کردەوە، جۆری شاشە لەوانەیە یەکێک بێت لەو فاکتەرانەی کە دەکرێت دەستکاری بکرێت کاتێک لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان بەکارهێنانی ئامێرەکان و گەشەی منداڵان دەکرێت.

