توێژەران ئەنزیمێکیان دەستنیشان کردووە کە دەکرێت وەک قەڵغانێکی سروشتی لە بەرامبەر خراپتربوونی نەخۆشیی جگەری چەوردا کار بکات؛ نەخۆشییەک کە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا بە دەستییەوە دەناڵێنن.
ئەم ئەنزیمە کە بە UBE2N ناو دەبرێت، یارمەتیی خانەکانی جەرگ دەدات بۆ پاککردنەوەی میتۆکۆندرییا زیانپێکەوتووەکان و باشترکردنی پرۆسەی شیکردنەوە و تێکشکاندنی چەوری.
زانایان جەخت دەکەنەوە کە ئەم میکانیزمه دەکرێت ڕێگری لە هەوکردن، دروستبوونی شانەی بریندار (زیانبەرکەوتوو) و زیانی خانەیی بگرێت لە قۆناغە سەختەکانی نەخۆشییەکەدا.
ئەنجامی ئەم توێژینەوە پێش-کلینیکییە بە بەشداریی توێژەرانی زانکۆی زانستەکانی تەندروستیی «سیدەرز-ساینای» ئەنجام دراوە و لە گۆڤاری زانستیی Nature Metabolism بڵاو کراوەتەوە.
توێژینەوەکانی پێشوو نیشانیان دابوو کە زیانگەیشتن بە میتۆکۆندرییاکان (ناوچەی بەرهەمهێنانی ئێنێرجی لە خانەدا) ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە سەرهەڵدانی هەوکردنی جەرگی چەور بەهۆی تێکچوونی میتابۆلیزمەوە.
لەم توێژینەوە نوێیەدا دەرکەوتووە کە لەگەڵ گەشەکردنی نەخۆشییەکە، ئاستی ئەنزیمی UBE2N لە خانەکانی جەرگدا کەم دەبێتەوە؛ کاتێکیش ئاستەکەی دادەبەزێت، زیانی خانەیی و زیانگەیشتن بە شانەکانی جەرگ زیاد دەکات.
ئەکیهیرۆ سیکی، مامۆستای پزیشکی لە سیدەرز-ساینای ڕایگەیاند: «کێنانی ئەنزیمی UBE2N پارێزگاری لە جەرگ دەکات بەرامبەر هەوکردن. کاتێک ئاستی ئەنزیمەکە لە جەرگی مشکە تاقیکارییەکاندا گەڕێنراوە بۆ ئاستی ئاسایی، کۆبوونەوەی چەوری، هەوکردن و دروستبوونی شانەی بریندار بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد.»
شەلی لو، بەڕێوەبەری بەشی کۆئەندامی هەرس و جەرگ لە سیدەرز-ساینای دەستنیشانکردنی ڕۆڵی ئەم ئەنزیمەی بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ لە قەڵەم دا لە تێگەیشتنی نەخۆشیی جەرگی چەوردا.
لە ئێستادا چارەسەرەکان زیاتر لەسەر گۆڕینی شێوازی ژیان و ڕێگری لە زیانی زیاتر بە جەرگ چڕ بوونەتەوە، چونکە بژاردە دەرمانییەکان سنووردارن و چارەسەری بنبڕ بۆ نەخۆشییەکە نییە.
توێژەران جەخت دەکەنەوە کە ئەنجامەکانی ئێستا لە قۆناغی پێش-کلینیکیدان و پێویستییان بە توێژینەوەی زیاتر هەیە بۆ ههڵسەنگاندنی ئاستی سەلامەتی و کاریگەریی ئەم ڕێگەیە لەسەر مرۆڤ.

