ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێ لە بواری ڕەچەڵەکناسیدا پەیوەندییەکی خزمایەتی دوور لە نێوان ئەکتەری ئەمریکی سیدنی سوینی و ئەستێرەی کۆچکردووی سینەمای جیهانی مارلین مۆنڕۆ ئاشکرا دەکات.
توێژینەوەکە لەلایەن پلاتفۆرمی “MyHeritage” کە تایبەتمەندە بە ڕەچەڵەکناسی و مێژووی خێزانی ئەنجامدراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی “The Hollywood Reporter”ـی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، هەردوو ئەکتەر لە بنەچەدا دەگەنەوە سەر یەک باپیرە و پەیوەندییەکی خزمایەتی دووری پلە نۆ لە نێوانیاندا هەیە، بە جیاوازی یەک نەوە لە نێوان دوو لقەکەی خێزانەکەیاندا.
ڕەگی ئەم پەیوەندییە خێزانییە دەگەڕێتەوە بۆ ئێزرا بێری، کە کۆچبەرێکی ئینگلیزی بووە و لە سەدەی 17 لە شارۆچکەی ساندویچ لە ویلایەتی ماساچۆسێتسی ئەمریکا ژیاوە.
تیمی توێژینەوەی سەکۆکە پشتیان بە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی مێژوویی و ئەرشیفی کۆن بەستووە بۆ دۆزینەوەی ئەم بەستەرە هاوبەشە.
ڕۆی ماندێل، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پلاتفۆرمەکە ڕوونی کردەوە، بەراوردکارییە بەردەوامەکانی جەماوەر لە نێوان شێوە و ستایلی ئەم دوو ئەکتەرە بووەتە پاڵنەر بۆ ئەوەی تیمی توێژینەوە دەست بکەن بە پشکنینی ڕەچەڵەکیان.
ئەم دۆزینەوەیە لە کاتێکدایە کە پێشتر سیدنی سوینی بە چەندین دەرکەوتنی جیاواز کە ئیلهامی لە ستایلی مارلین مۆنڕۆ وەرگرتبوو، سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشابوو.
لە مانگی 12ی 2025 لە ڕێوڕەسمی پێشاندانی فیلمی “The Housemaid”، سوینی بە عەزییەکی سپییەوە دەرکەوت کە ڕووداوە بەناوبانگەکەی مۆنڕۆی لە فیلمی “The Seven Year Itch” بیردەهێنایەوە.
بە هەمان شێوە لە فێستیڤاڵی سینەمایی سانت باربارا لە ساڵی 2026، فستانێکی کلاسیکی دیزاینەری ناسراو “سیل چاپمان”ی پۆشیبوو، کە هاوشێوەی دەرکەوتنەکەی مۆنڕۆ بوو لەسەر بەرگی گۆڤاری “LIFE” لە مانگی 4ی 1952.

