بە سەرۆکایەتیی بەڕێز هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، شاندێکی باڵای حزبی و پەرلەمانی سەردانی بارەگای هاوپەیمانی خزمەت (تحالف خدمات)ـی کرد و لەلایەن سەرکردایەتیی ئەو هاوپەیمانییەوە پێشوازیی گەرمی لێکرا.
شاندەکەی پارتی کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ناوەندی سەرکردایەتی و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی، لەلایەن بەڕێز ساحب محەمەد ئەلدەراجی، سەرۆکی دەستەی سیاسیی هاوپەیمانی خزمەت، قەحتان ئەلجبووری، جێگری سەرۆکی دەستەی سیاسی، و کازم ئەلشمەری، سەرۆکی فراکسیۆنی خزمەت لە پەرلەمان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی سیاسی و پەرلەمانتارانی هاوپەیمانییەکە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکی نێوان هەردوولا، دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی گۆڕەپانی عێراق و پرۆسەی تەواوکردنی کابینەی وەزاری تاوتوێ کران. هەروەها تیشک خرایە سەر گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی دۆسیە نیشتمانییەکان.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرکردایەتی و ئەندامانی هاوپەیمانی خزمەت کرا بۆ ئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

