یەلینا سولاماتینا، پسپۆڕی خۆراک لە رووسیا هۆشداری دەدات، هەندێک لە توخمە خۆراکییە بەنرخەکانی ناو رووەکەکان بە بەراورد بە بەرهەمە ئاژەڵییەکان، بە شێوەیەکی لاوازتر لەلایەن جەستەی مرۆڤەوە هەڵدەمژرێن.
سولاماتینا گوتی: “پرۆتینی ناو بەرهەمە ئاژەڵییەکان خاوەنی باشترین توانای بەرزکردنەوەی وزەی ژیندارییە و جەستەی مرۆڤیش بە بەردەوامی پێویستی بەو توخمەیە”.
سولاماتینا روونیکردەوە، پرۆتین بناغەی سەرەکیی جەستەیە، چونکە ماسولکە، پێست، قژ، ئەنزیم، لوولەکانی خوێن، جومگەکان، سیستەمی بەرگری و زۆر شتی دیکە لەو توخمە پێکهاتوون.
لەسەر ئەو بنەمایە، ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەدات سیستەمی رووەکی بە هیچ جۆرێک بۆ منداڵان گونجاو نییە، چونکە جەستەی گەشەسەندوو بەردەوام پێویستی بە بڕی زیاتری پرۆتین هەیە. بەبێ بوونی ئەو توخمە، منداڵان بەردەوام تووشی نەخۆشی دەبن و گەشەی جەستەیان بە شێوەیەکی سروشتی نابێت.
جگە لەوەش، دەستبەرداربوون لە بەرهەمە ئاژەڵییەکان بەتایبەتی بۆ بەساڵاچووان مەترسیدارە، چونکە لەگەڵ بەتەمەنداچووندا پێداویستییەکانیان بۆ پرۆتین زیاد دەکات. کەمیی پرۆتین مەترسیی شکانی ئێسک و لەدەستدانی بارستایی ماسولکەکان، کە بە سارکۆپینیا ناسراوە، زیاد دەکات.
سولاماتینا ئاشکرایکرد، سیستەمی رووەکی لەوانەیە زیان بە تەندروستیی ژنانی تەمەنی منداڵبوون بگەیەنێت، چونکە ئەوان زیاتر لە کەسانی دیکە ئەگەری تووشبوونیان بە کەمیی ئاسن هەیە و هەڵمژینی ئاسن لە گۆشتدا باشترە. کەمیی ئەو توخمە خۆراکییە دەبێتە هۆی کەمخوێنی و لە حاڵەتە سەختەکاندا لەوانەیە ببێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپەلە یان دروستبوونی ناتەواویی جەستەیی لای کۆرپەلە.

