دەرزییەکی نوێ، بە چالاککردنی هەڵبژاردەیی پڕۆسەی ئاپۆپتۆز یان مردنی خانەیی پلان بۆ داڕێژراو، بەبێ ئەوەی زیان بە خانە دراوسێکان بگەیەنێت خانە چەورییەکان لەنێو دەبات،.
ئەنجامە سەرەتایییەکانی تاقیکردنەوە مرۆیییەکانی دەرمانێکی دەرزیی تاقیکاری بە ناوی “سیبیئێڵ-٥١٤” (CBL-514) نیشان دەدەن ئەم دەرمانە ڕەنگە یارمەتی کەمکردنەوەی چەوریی ناوپۆش بدات، چەورییەکی مەترسیدارە کە لە قووڵایی ورگ و دەوروبەری ئەندامە ناوەکییەکاندا کۆ دەبێتەوە و پەیوەندیی بە تێکچوونەکانی میتابۆلیزم، بەرگریی ئەنسۆلین و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری ٢ هەیە.
بە گوێرەی فۆکس نیوز، توێژینەوەیەک کە کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا لە مانگی مارسدا بڵاوی کردەوە، نیشانی دا پەیوەندیی چەوریی ناوپۆش بە مەترسیی سستبوونی دڵەوە لە ئاستی بارستەی لەش (BMI) زیاترە.
تیمۆسی گارڤی، توێژەر لە زانکۆی ئەلاباما، و یو فانگ لینگ، لە کۆمپانیای دەرمانسازیی کاڵیڤی لە تایوان، ئەم دەرمانە دەرزییەیان تاقی کردەوە. تاقیکردنەوەکانی پێشووتری قۆناغی دووەم نیشانی دابوو ئەم دەرمانە دەتوانێت چەوریی ژێرپێست کەم بکاتەوە.
وێنەکانی ئێم ئاڕ ئای لە دوو تاقیکردنەوەی کلینیکیی قۆناغی دووەمدا نیشانی دا کە قەبارەی چەوریی ناوپۆش لە وەرگرانی دەرمانەکەدا کەم بووەوە، لە کاتێکدا لە گرووپی وەرگری پلاسیبۆدا زیاد بوو.
دەرمانەکە هەموو سێ هەفتە جارێک، بۆ ماوەی زۆرترین ١٢ هەفتە، بە دۆزی زۆرترین ٦٠٠ میلیگرام بۆ بەشی خوارەوەی ورگی بەشداربووان دەرزی لێ دەدرا. ژمارەی دەرزییەکان پەیوەست بوو بە ئەستووریی چەوریی ورگەوە و بە کەمبوونەوەی قەبارەی چەورییەکە ژمارەی دەرزییەکان کەمتر دەبووەوە.
چوار هەفتە دوای دوایین دەرزیلێدان، قەبارەی چەوری لە گرووپی وەرگری دەرماندا بە تێکڕا ١٢.٠١% کەم بووەوە، لە کاتێکدا لە گرووپی پلاسیبۆدا ٥.٦٨% زیاد بوو.
گارڤی گوتی هەرچەندە کەمکردنەوەی چەوریی ژێرپێست و ڕێکبوونەوەی ورگ لە ڕووی جوانکارییەوە بۆ نەخۆشەکان سەرنجڕاکێشە، بەڵام کەمکردنەوەی کێش، باشتربوونی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ و کەمکردنەوەی چەوریی ناوپۆش گرنگیی زیاتریان بۆ تەندروستیی گشتی هەیە.
ئەو هەروەها زیادی کرد کە بە پێچەوانەی ئەم ڕێگایە، نەشتەرگەریی جوانکاریی لیپۆساکشن ناتوانێت چەوریی ناوپۆش لابەرێت و بۆیە ناتوانێت مەترسییە تەندروستییەکانی کۆبوونەوەی ئەم جۆرە چەورییە کەم بکاتەوە.

