بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە ئەنجامی كاریگەری لاوازی نزمەپەستانی دەریای سپی ناوەراست شەپۆلێكی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەكات، كە سەرەتا لەسنوری پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستپێدەكات بەشێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند و هەورەبروسكەی لەگەڵدا دەبێت، دواتر باران بارینەكە دەگاتە سنوری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و تا درەنگانی شەو كاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ئەم ناوچانە بەردەوام دەبێت.
هەروەها بەگوێرەی پێشبینییەکان لە هەندێک ناوچە بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان بارانی بەخوڕ دەبارێت و ئەگەری هەیە کاریگەری ئەو شەپۆلە باران بارینە تا چەند رۆژێک بەردەوام بێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبن؛ هەولێر 31 پلەی سیلیزی، سلێمانی 29، دهۆک 27، هەڵەبجە 31، پلەی سیلیزی دەبن و نزمترین پلەش بە 17 پلەی سیلیزی لە حاجی ئۆمەران تۆمار دەکرێت.

