zagros news agency

زێلێنسکی : دووبارە هێرش بۆسەر پالاوگەکانی روسیا دەست پێدەکات

فۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرکۆماری ئۆکرانیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی «فاینەنشیال تایمز» ڕایگەیاند کە ئۆکرانیا هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی ڕووسیا دەستپێدەکاتەوە.

زێلێنسکی بە ڕۆژنامەکەی گوتووە: «قەدەغەی هێرشکردنە سەر پاڵاوگە نەوتییەکان کۆتایی هاتووە، ئەوە تەواو بووە».

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، زێلێنسکی ڕەخنەی لە هەوڵەکانی واشنتن گرتووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ مۆسکۆ، هەروەها ڕەخنەی لە ستایشی دوناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا، بۆ ڤلادیمیر پوتین، سەرکۆماری ڕووسیا، گرتووە.

ترەمپ ڕۆژی شەممە داوای لە ئۆکرانیا کرد زێلێنسکی بگۆڕێت، هەروەها بە توندی ڕەخنەی لە هێرشە ئۆکرانییەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوتی ڕووسیا گرت. ئەم هەڵوێستەش یەک ڕۆژ دوای ئەوە بوو کە ترەمپ ڕایگەیاند ڕێککەوتنێک بۆ دابینکردنی گازۆیل لە ڕووسیا کراوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشار لەسەر نرخەکانی سووتەمەنی، کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە.

زێلێنسکی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «ئێکس» ڕایگەیاندبوو کە ئۆکرانیا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی ڕووسیا و ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە وەستاندووە. ئەم هەنگاوەش دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی وزە لەلایەن ترەمپەوە هاتبوو.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئۆکرانیا ئامادەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپی، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی وزەی ڕووسیا بوەستێنێت، زێلێنسکی گوتی تەنها لەو کاتەدا ڕازی دەبێت کە لە بەرامبەردا ژمارەیەکی زیاتر لە مووشەکی بەرگریی ئاسمانی «پاتریۆت»ی ئەمریکی وەربگرێت. ئەو ئەم داواکارییەی بە «کەمترین ئاستی» پێویست وەسف کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی لە تەقینەوەی پاشماوەکانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلیب گیانیان لەدەست‌ دا

سەڵاح

رێباز حەملان داوای دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە

یاسین

سزای له‌سێداره‌دان و به‌ندكردنی هه‌میشه‌یی بۆ 30 بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌رچوو

سەڵاح