لە مێژووی موزیکی کوردیدا، بۆ یەکەم جارە موزیکی کوردی بۆ بۆنەیەکی فەرمی و جیهانیی لە ئەوروپا دەستنیشان دەکرێت؛ تێیدا ئالان عارف، ژەنیاری کورد، وەکو سۆلیست بەشداری لە کۆنسێرتێکدا لە هۆڵی ناوداری بۆزار لە بروکسل دەکات.
کۆنسێرتەکە کە بڕیارە لە 27ی ئۆکتۆبەر بەڕێوە بچێت، بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەوروپا ساز دەکرێت، تێیدا ئالان عارف لەگەڵ ئۆرکسترای سیمفۆنیای فیلهارمۆنی برۆکسل، کە نزیکەی 150 موزیکژەن و دەنگی کۆڕاڵی پێکهاتووە، بەشداری دەکات، ئەمەش لە ژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا و کەسایەتییە دیارەکانی جیهان.
هۆڵی بۆزار (BOZAR) لە برۆکسل بە یەکێک لە گرنگترین هۆڵەکانی ئەوروپا هەژمار دەکرێت کە تایبەت کراوە بە بۆنە گەورە و جیهانییەکان، هەڵبژاردنی موزیکی کوردی لەم هۆڵەدا دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی بۆ پێگەی هونەری کوردی دەنوێنێت.
لە ڕەهەندێکی مرۆیی و هونەریی ئەم کارەدا، ئالان عارف سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی پڕۆفیسۆر و ئاوازدانەری عێراقی، قوتەیبە ئەلنعێمی کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پێکەوە توانیویانە لە ڕێگەی هونەر و موزیکەوە دۆزی ڕەوای کورد بە جیهان بناسێنن و موزیک بکەنە ئامرازێک بۆ تەبایی و ئاشتیی نێوان گەلان.

