لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی لە ئەمەریکا، هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران بە شێوەیەکی بەرچاو چڕ کردووەتەوە. ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و یەکلایی دەکاتەوە کە کام لە دوو پارتەکە کۆنتڕۆڵی داهاتووی کۆنگرێسی ئەمەریکا (ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران) دەکات، کە لە ئێستادا بە جیاوازییەکی کەم لەژێر دەستی کۆمارییەکان دایە.
تەکساس؛ ترەمپ پشتیوانی لە کێن پاکستۆن دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕاستەوخۆ بەشداری لە چەندین گردبوونەوەی جەماوەریدا کردووە بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی بەربژێرە کۆمارییەکان. ترەمپ دوای سەردانەکانی بۆ ئالاسکا و ئۆهایۆ، ڕۆژی هەینی سەرنجی خستە سەر پێشبڕکێی هەستیاری ئەنجومەنی پیران لە ویلایەتی تەکساس و پشتیوانیی خۆی بۆ کێن پاکستۆن، داواکاری گشتیی کۆماریی ویلایەتەکە، دووپات کردەوە.
ترەمپ لە پلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ” نووسیویەتی: «ئەو وەک چۆن دادوەرێکی گشتیی مەزنە، بە هەمان شێوە دەبێتە سیناتۆرێکی مەزن.»
لە بەرامبەردا، پاکستۆن ڕووبەڕووی جەیمس تالاریکۆ، نوێنەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی تەکساس، دەبێتەوە. تالاریکۆ لە گوتارێکدا ڕایگەیاند کە کار بۆ بردنەوەیەکی مێژوویی دەکات و گوتی: «لە ٣ـی مانگی داهاتوودا کارێکی ناوازە و مێژوویی ئەنجام دەدەین و کۆتایی بە ٣٠ ساڵ فەرمانڕەوایی یەک پارت لەم ویلایەتەدا دەهێنین.» ئاماژە بەوەش دراوە کە لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە هیچ دیموکراتێک لە پۆستێکی سەرتاسەری ویلایەتی تەکساسدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە.
میشیگن؛ ململانێیەکی توند لەسەر کورسییەکی مێژوویی
هاوکات ویلایەتی میشیگن بووەتە یەکێکی دیکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی ململانێکە، کە لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە هیچ کورسییەکی ئەنجومەنی باڵای بۆ کۆمارییەکان تێدا تۆمار نەکراوە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، سەردانی میشیگنی کرد بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ مایک ڕۆجەرس، ئەندامی پێشووی کۆنگرێس، و ڕایگەیاند کە لەوانەیە ئەمە «گرنگترین پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکان بێت لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی ٢٠٢٦ـدا.»
لەو ویلایەتەدا، مایک ڕۆجەرس هێرشی توندی کردووەتە سەر ڕکابەرە دیموکراتەکەی، عەبدول ئەلسەید، و بە خاوەنی “ئایدیۆلۆژیایەکی مەترسیدار” ناوزەندی کردووە. لە بەرامبەردا، ئەلسەید ڕۆجەرسی بە پاشکۆیەکی نزیکی ترەمپ تۆمەتبار کردووە و لە دیبەیتێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە کێبڕکێکە لەسەر بژێوی، خەرجیی ڕۆژانە و چاودێریی پزیشکییە، هەروەها بابەتی ئەوەیە ئایا متمانە بە کێ دەکرێت لە بەرامبەر ترەمپ و سیاسەتەکانیدا بوەستێتەوە.
وادەی یەکلاکەرەوە و دەنگدانی پێشوەختە
بڕیارە ڕۆژی ٣ـی مانگی ١١ (تشرینی دووەم) هەڵبژاردنەکان بەڕێوە بچن، بەڵام هاوشێوەی خولەکانی پێشوو، زۆربەی ویلایەتەکان ڕێگەیان داوە دەنگدەران پێشوەختە لە ڕێگەی ئامادەبوونی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی پۆستەوە دەنگەکانیان تۆمار بکەن. چاودێران پێشبینی دەکەن ئەنجامەکان گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هاوسەنگیی دەسەڵاتی کۆنگرێسدا دروست بکەن.

