zagros news agency

وه‌زاره‌تی دارایی: بەغدا لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا تەنها ٤.٢٪ـی بودجەی بۆ کوردستان ناردووە کە بەشی ٤٦ مووچەی کردووە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری شایستە داراییەکانی هەرێمی لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٤ تا ٢٠٢٥) ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لەو ماوەیەدا حکومەتی فیدراڵ تەنها ڕێژەی ٤.٢٪ـی بودجەی گشتی بۆ هەرێم ناردووە، کە بڕەکەی تەنها بەشی دابینکردنی ٤٦ مووچەی لە کۆی ١٤٤ مووچەی فەرمانبەران کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە ماوەی ئەو ١٢ ساڵەدا، تێکڕای ڕێژەی کرداریی نێردراو لە بودجەی گشتیی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان (دوای لێبڕینەکانی خەرجیی سەروەری، قەرز و پابەندییەکانی دیکە) تەنها ٤.٢٪ بووە، لە کاتێکدا پشکی یاسایی هەرێم لە نێوان ١٢.٦٧٪ بۆ ١٧٪ دیاری کرابوو. هاوکات بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵیش لە ساڵی ٢٠٢٤، لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان، پشکی هەرێم بە ١٤.١٤٪ دەستنیشان کراوە.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە کۆی ئەو پارەیەی لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم لەو ماوەیەدا، تەنها ٤١ ترلیۆن و ٤٢ ملیار دینار بووە لە کۆی ٢١٢ ترلیۆن و ٧٦١ ملیار دینار کە وەک شایستەی هەرێم دەستنیشان کرابوو. ئەم بڕە پارەیەش تەنها بەشی تەمویلکردنی نزیکەی ٤٦ مووچەی لە کۆی ١٤٤ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە.

هەروەها وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە کە لە ساڵانی (٢٠١٤، ٢٠٢٠، ٢٠٢٢)دا، حکومەتی فیدراڵ بە پاساوی نەبوونی یاسای بودجەی گشتی، ئەو پارەیەی ڕەوانەی هەرێمی کردووە وەک «قەرز» هەژماری کردووە، تا دواتر لە دوای پەسەندکردنی بودجە لە پشکی هەرێمی کوردستان ببڕدرێتەوە.

May be an image of text

هەواڵی پەیوەندیدار

ئاگاداریەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرەوە

دڵشاد

کەشناسی :  باران و بەفربارین لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت

سەڵاح

کامالا هاریس: حەسەن نەسروڵلا دەستی بە خوێنی ئەمریکاییان سوور بوو

سەڵاح