سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، داوای کرد کە دەستپێشخەری و پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو دابمەزرێت بۆ ئەوەی ببێتە هەوێنێک بۆ دروستکردنی بازارێکی هاوبەشی ئیسلامی؛ هاوکات جەختی لە گرنگیی تەواوکاریی ئیسلامی لە بوارەکانی وزه و گواستنەوەدا کردەوە.
له ڕاگەیەندراوی فەرمیی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووه که عەلی زەیدی پێشوازیی لە ئیسماعیل ولد شیخ ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کردووە.
زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق، بەو پێیەی بەغدا یەکێکە لە پایتەختەکانی بڕیاری ئیسلامی، سوورە لەسەر ڕۆڵی عەرەبی و ئیسلامیی خۆی و داوای کرد بڕیارەکانی ڕێکخراوەکە لەبری تەنها بەیاننامە، لەسەر زەمینی واقع جێبەجێ بكرێن بۆ خزمەتکردنی پرسەکانی ئوممەتی ئیسلامی.
زەیدی پشتیوانیی عێراقی بۆ ڕێکخراوەکە دووپات کردەوە و جەختی کردە سەر گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی و گەشەپێدانی ئابوورییەکانیان، لە ڕێگەی دروستکردنی پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو کە بەرەو دامەزراندنی بازارێکی هاوبەشی ئیسلامی بڕوات.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی تەواوکاریی نێوان وڵاتانی ئیسلامی لە بوارەکانی وزە و گواستنەوەدا کرد.

