ئیسماعیل سیرینی (ئەمریکا)
ڕووداوەکانی پاش ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نەک تەنیا تاقیکردنەوەیەکی سەختی سیاسی، بەڵکو هەڕەشەیەکی حەتمیی بوو لەسەر مانەوەی هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی.
لە هەناوی ئەم تاریکییە سیاسییەدا، داستانەکانی پردێ (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧)و سحێلا و مەحمودییە (٢٦ی ئۆکتۆبەر)، بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەدا و خاڵی وەرچەرخانی مێژووییان تۆمار کرد.
گۆڕەپانی پردێ؛ شکست پێهێنانی پیلانی پێشوەختە
پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری هێزەکانی حەشدی شەعبی و بێدەنگی هێزە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان، وایکرد سوپای عێراق و گروپە چەکدارەکان بە پاڵپشتی لۆجستی و ڕاوێژکاریی سوپای پاسداران، بە غرورێکی زۆری سەربازییەوە بەرەو هەولێر جووڵە بکەن. ئامانجی ستراتیژی لە داگیرکردنی پردێ، تەنیا گرتنی ناوچەیەکی جوگرافی نەبوو، بەڵکو ڕووخاندنی پایەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دەستکەوتە دەستوورییەکان بوو.
لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لە میحوەرەکانی پردێ – ئاڵتون کۆپری، تێکشکاندنی تانکەکانی ئەبرامز و درعە پێشکەوتووەکانی سوپای عێراق لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، هاوکێشە سەربازییەکەی ژێرەو ژوور کرد. لە ڕووی سەربازییەوە، شکست پێهێنانی ئەم هێرشە نەک تەنیا هاوسەنگی هێزی لەسەر زەوی زامن کرد، بەڵکو پەیامێکی گشتگیری ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ڕکابەرە هەرێمییەکان کرد کە ڕادەستبوونی سیاسی لای گەلی کوردستان بوونی نییە.
داستانی سحێلا و مەحمودییە؛ پچڕاندنی شادەماری هەژموونی ناوچەیی
ئەگەر پردێ ڕاگرتنی ڕەوتی داڕووخان و هێڵی یەکەمی بەرگری بووبێت، ئەوا سحێلا و مەحمودییە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ئیرادەی مانەوە بوون. پلانی نەیاران لە میحوەری سحێلا بریتی بوو لە بڕینی شادەماری پەیوەندیی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان (دەروازەی ئیبراهیم خەلیل)و گەمارۆدانی سێگۆشەی سنووری لەگەڵ تورکیا و سوریا.
لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لە داستانی سحێلادا، بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگە و لێدانی گورزە کوشندەکان لە یەکە زریپۆشەکانی هێزە هێرشبەرەکان، ئەوەی سەلماند کە شکستی سیاسی ناگوێزرێتەوە بۆ تەسلیمبوونی ئیرادەی سەربازی. سحێلا بووە کۆتایی غروری سەربازیی حەشد و سوپای عێراق و ناچارکردنیان تا پشت بە بژاردەی دانوستاندنی سیاسی ببەستن لەبری سڕینەوەی جەستەیی.
وەرچەرخانی مێژوویی؛ وەڵامە کەمەرشکێن و کەرامەت پارێزەکەی سەرۆک مسعود بارزانی
لە پەرتووکی (بۆ مێژوو) دا، سەرۆک بارزانی تیشک دەخاتە سەر نامە گۆڕینەوەیەکی ستراتیژی لەگەڵ نوێنەری باڵای دیپلۆماسی ئەمریکا لە بەغدا دوای قۆناغی ریفراندۆم. لە ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەردا، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا (دۆگلاس سلێمان) پەیامێکی ئاراستە کردبووین و تێیدا هاتبوو: (دونیا گۆڕاوە، ئەمڕۆ دوێنێ نییە، پێویستە بەخۆتاندا بچنەوە).
بەڵام تەنیا سێ ڕۆژ دوای ئەوە، لە ٢٠ی ئۆکتۆبەر و لە سایەی خۆڕاگریی و سەرکەوتنی مەزنی هێزەکانی پێشمەرگە لە داستانی پردێدا، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەم ئاراستەی دۆگلاس سلێمان کردەوە؛ گوتم بە جەنابی باڵیۆز بڵێن: (ئەمڕۆ دوێنێ نییە و سبەینێش وەک ئەمڕۆ نابێت).
ئەم وەڵامە مێژووییەی سەرۆک بارزانی، وەرچەرخانێکی فکری و سیاسی بوو کە سەلماندی ئیرادەی گەلێک خاوەنی داستانەکانی پردێ و سحێلایە، قاڵبی هەڕەشە دەرەکییەکان قبووڵ ناکات.
داستانی پردێ و سحێلا تەنیا لەپێناو بەرگریی سەربازی لە دوو ناوچەی جوگرافی ڕوویان نەدا، بەڵکو بڕیارێکی مێژوویی و ستراتیژی بوون بۆ پاراستنی کەرامەت، خاك و هاوسەنگی سیاسەتی هەرێمی. ئەو دوو داستانە چەمکی “شکست لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر”یان هەڵدایە زبڵدانی مێژوو و سەلماندیان کە ئیرادەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد، بە درع و تەکنەلۆژیای سەربازیی هاوردەکرا و ناچەمێتەوە و نەچەماوەتەوە.

