لە هەولێر ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان لەلایەن لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانەوە بۆ ڕێزگرتن لە ئەزموون و بەخششی ژمارەیەک هونەرمەند سازکرا.
رێوڕەسمەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. ئاراس خۆشناو بەرپرسی بەشی پیشەییەکانی (پ. د. ك)، سیروان عوسمان بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ژمارەیەک لە هونەرمەندان و کەسایەتییە هونەرییەکان بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا رێز لە دەرهێنەر لەتیف نوعمان، ئەکتەر و شانۆکار ڕووپاک عەبدولقادر، نووسەر و ڕەخنەگری شانۆیی د. ئیبراهیم سمۆ، ئەکتەر و شانۆکار ڕەسمی جەلال، هونەرمەند گۆرانیبێژ سەعدون کاکەیی نرا.
ڕێوڕەسمەکە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆڵ و خزمەتگوزاریی هونەری و ئەدەبیان، هەروەها بەهای ئەزموون و بەرهەمەکانی ئەو کەسانە بوو، کە بە بەردەوامی و داهێنانی خۆیان بەشدارییان لە پێشخستنی هونەر و ڕۆشنبیریی کوردیدا کردووە.
هاوکات وەک هەنگاوێک بۆ بەهاپێدان بە ئەزموونی هونەرمەندان و ناساندنی خزمەت و بەخششیان، جەخت لە گرنگی پاراستنی میراتی هونەری و ڕۆشنبیریی کوردی و ڕێزگرتن لەو کەسانە دەکاتەوە، کە بە ژیانی هونەری و داهێنانی خۆیان خزمەتی هونەر و کۆمەڵگەیان کردووە.

