توێژینەوەیەکی نوێی زانایانی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە بەرکەوتن بە نیکۆتین پێش و دوای لەدایکبوون، گۆڕانکاری لە جینەکانی بەرگری جەستەدا دەکات و کاریگەرییەکەی تا قۆناغی پێگەیشتن دەمێنێتەوە.
بەپێی توێژینەوەکە کە لەسەر مشک کراوە، نیکۆتین گۆڕانکاری لە خانە قەدییەکاندا دەکات کە بەرپرسن لە دروستکردنی خانەکانی خوێن و بەرگری لە سییەکاندا. ئەو بێچووانەی بەر نیکۆتین کەوتوون، ژمارەی خانە بەرگرییەکانیان (بەتایبەت ماکرۆفاجەکان کە هێڵی یەکەمی بەرگرین) کەمتر بووە. ئەمەش وادەکات منداڵان زیاتر تووشی هەوکردنی توندی کۆئەندامی هەناسەدان ببن.
زانایان هۆشداری دەدەن کە هۆکارەکە تەنها دووکەڵی جگەرە نییە، بەڵکو خودی نیکۆتینەکەیە. بۆیە بەکارهێنانی جێگرەوەکانی وەک لەزگە و بنێشتی نیکۆتین لەلایەن ژنانی دووگیانەوە هەمان مەترسی هەیە.
توێژینەوەکە دەریخست ئەو مشکانەی پێشتر بەر نیکۆتین کەوتبوون، کاتێک تووشی ئەنفلۆنزا بوون زیاتر تووشی هەوکردنی سییەکان، تێکچوونی شانەکان و دابەزینی کێش بوون. زانایان پێیان وایە خانەکان “بیرەوەری” ئەو زیانە هەڵدەگرن و لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک ئەنفلۆنزا کاردانەوەی توندیان دەبێت، ئەمەش دەریدەخات ژینگەی سەرەتای تەمەن کاریگەریی درێژخایەنی هەیە.
ڤ

