ئەلێکساندەر لازوتکین، کەشتیوانی ئاسمانی ڕووسی ڕایگەیاند کە مرۆڤایەتی هێشتا ئامادە نییە بۆ گەشتکردن بەرەو مەریخ، چونکە کێشەکانی دابینکردنی خۆراک و پاراستنی تیمەکە لە تیشکەکان بۆ گەشتێکی دوو ساڵە چارەسەر نەکراون.
ئەو ئاماژەی بە پلانی ئیلۆن مەسک کرد بۆ ناردنی ١٠٠ کەس بۆ مەریخ، ڕوونیکردەوە کە لەڕووی تەکنیکییەوە ئەکرێت، بەڵام دابینکردنی خۆراکی دوو ساڵ کێشەیە، بەتایبەت کە ئەزموونی مانەوەی درێژخایەن لە بۆشایی ئاسمان سنووردارە.
کێشەیەکی دیکەی گەورە تیشکەکانە؛ زەوی بەهۆی کایە موگناتیسییەکەیەوە دەمانپارێزێت، بەڵام ئەمە لە ڕێگەی مەریخ بوونی نییە و هەر تەقینەوەیەکی خۆر دەبێتە هۆی لەناوچوونی تیمەکە، هەروەها ناتوانرێت وەک گەشتەکانی نزیک زەوی بە خێرایی بنیشرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە کێشەی دەروونی هەیە، چونکە تیمەکە بۆ ماوەیەکی درێژ زەوی و مەریخ نابینن و لە نێو بۆشاییەکی بێسنووردا بێ هیچ ئاراستەیەک هەست بە گۆشەگیری دەکەن. ئەو کەشتیوانە جەختی کردەوە کە پێویستە سەرەتا ئەندازیاران، پزیشکان و دەروونناسان بەیەکەوە ئەم کێشانە چارەسەر بکەن.

