لە بەرامبەر کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا بۆ خوار 12%، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم هۆشداری دەدات و ڕای دەگەیەنێت کە تیمی دانوستانکاری هەرێم لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا دەست بە گفتوگۆی نوێ دەکاتەوە، لە هەمان کاتیشدا دڵنیایی دەدات کە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و تەواو زامن کراوە.
ناوەرۆک:
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ «زاگرۆس»، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و ڕای گەیاند، پڕۆژەکە هشتا نەچووەتە پەرلەمان و لە ئەنجوومەنی وەزیراندا تاوتوێ دەکرێت، بەڵام شێوازی ئامادەکردنەکەی جێگەی قبووڵ نییە، چونکە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی تێدا پشتگوێ خراوە.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، لە پرسی سەرژمێریی دانیشتوواندا غەدرێکی گەورە لە هەرێم کراوە و پشکەکەی لە 14.4%ـەوە بۆ 12% یان کەمتر دابەزێنراوە. داوا دەکات پشکی هەرێم بەپێی داتا فەرمییەکانی سەرژمێریی حکوومەتی فیدراڵ خۆی دیاری بکرێت، چونکە هەرێم سەرجەم ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی بەجێ گەیاندووە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، هەورامانی ئاشکرای کرد کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە، تیمی حکوومەتی هەرێم لە 24 کاتژمێری داهاتوودا ڕووبەڕوو لەگەڵ بەغدا دەست بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بچەسپێنرێن.
لە تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، لە وەڵامی پرسیارێک لەسەر داهاتووی مووچەی فەرمانبەران، ناوبراو دڵنیایی تەواوی دا و جەختی کردەوە کە سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق چەندین جار دووپاتیان کردووەتەوە مووچەی هەرێم لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە، چونکە هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە دارایی، نەوتی و نانەوتییەکانی خۆی (لەوانەش ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار و مەرجە تەکنیکییەکان) بە تەواوی جێبەجێ کردووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پێشەوا هەورامانی هۆشداریی دا کە گفتوگۆکانی بودجە لە پەرلەماندا هەمیشە ئاڵۆز بوون، بۆیە داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کرد کە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، تاوەکوو مێژووی پڕ لە زەحمەتیی ساڵانی رابردوو و بڕینی پشک و مووچەی هەرێم دووبارە نەبێتەوە

