توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ کە لە گۆڤاری “نێچەر ئیمیونۆلۆجی” بڵاوکراوەتەوە و ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای دەکات کە فاکتەرێکی بەرگری رەنگە بەرپرس بێت لە هەندێک حاڵەتی لەدایکبوونی پێشوەخت، ئەمەش دەرگایەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکان و پەرەپێدانی چارەسەری خۆپارێزی دەکاتەوە.
توێژینەوەکە زیاتر لە 2 هەزار ژنی دووگیانی لەخۆگرتووە و دەریدەخات کە هەندێک دژەتەن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دووگیانیدا دەرکەوتوون و ئاستیان لەو ژنانەدا بەرزتر بووە کە پێش تەواوبوونی هەفتەی 37ـی دووگیانی منداڵیان بووە. ئەم دژەتەنانە پرۆتینێک بە ناوی “IL-1RA” دەکەنە ئامانج، کە ئەرکەکەی کپکردنی گەردیلەیەکی هەوکردنە بە ناوی “IL-1بێتا” کە پەیوەندی بە هاندانی گرژبوونی منداڵدانەوە هەیە. لەکارکەوتنی ئەم پرۆتینە ڕێگە بە بەرزبوونەوەی ئاستی هەوکردن دەدات بێ ئەوەی کپ بکرێت. تاقیکردنەوەکان لەسەر مشکی دووگیان دەرەنجامی هاوشێوەیان نیشانداوە.
توێژەران ئاماژەیان بە ئەگەری سوودوەرگرتن لە دەرمانی “کینێرێت” کردووە، کە ئێستا بۆ هەوکردنی جومگەکانی ڕۆماتۆیدی بەکاردێت و وەشانی دەستکردی ئەو پرۆتینەی تێدایە، وەک چارەسەرێکی ئەگەری. لەگەڵ ئەوەشدا، جەختکراوەتەوە کە ئەو دژەتەنانە تەنیا لە رێژەیەکی سنوورداردا دەرکەوتوون، کە ئاماژەیە بۆ بوونی هۆکاری دیکەش. جۆ دێریسی، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سان فرانسیسکۆ، ڕایگەیاند کە ئەم ئاماژەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو هۆکارانەی وادەکەن هەندێک حاڵەتی دووگیانی تا وادەی سروشتی بەردەوام نەبن. توێژەران هیواخوازن ئەم دەرەنجامانە ببنە هۆی پەرەپێدانی ڕێگەی وردتر بۆ دۆزینەوەی پێشوەختەی ئەو ژنانەی مەترسییان لەسەرە و دیاریکردنی بژاردەی خۆپارێزی.

