zagros news agency

پۆلیسی هەولێر هەوڵێکی تۆڵەسەندنەوەی لە بەردەم دادگا پووچەڵکردەوە و تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد

 

هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، پلانێکی ئەنجامدانی تاوانیان لە بەردەم بینای دادگای بەرایی شارەکە پووچەڵکردەوە و تۆمەتبارەکەیان لەگەڵ چەکەکەیدا دەستگیرکرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی هەولێر، ڕووداوەکە دوێنێ چوارشەممە (٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) ڕوویداوە؛ لە کاتێکدا پڕۆسەی دادگاییکردنی دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (هـ. ت) و (م. ت) بەڕێوەدەچوو — کە تۆمەتبارن بەوەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٤ ئامۆزاکەی خۆیان بە ناوی (ک. ک. م) کوشتووە — کەسێک بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە هەوڵی ئەنجامدانی تاوانێکی داوە.

پۆلیس ئاماژەی بەوە داوە، تۆمەتبارەکە بە ناوی (م. ج. م) بۆ شاردنەوەی ناسنامەی خۆی دەمامکی (ماسک) بەستبوو و چەکی پێبووە، بەڵام پێش ئەوەی بتوانێت مەبەستەکەی جێبەجێ بکات، لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە ڕێگریی لێکراوە و دەستبەجێ دەستگیر کراوە، هەروەها دەست بەسەر چەکەکەشیدا گیراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تۆمەتبارەکە ڕادەستی یاسا کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق لە ماوەی ٣ مانگدا ٣٠٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە

یاسین

ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات

سەڵاح

کەشناسی:پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێت

سەڵاح