zagros news agency

زەیتی ماسی هیچ سوودێکی بۆ بەهێزکردنی بیرگە نییە

 

ملیۆنان کەس بە مەبەستی پاراستنی بیرگە و تەندروستیی مێشک لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، تەواوکەرە خۆراکییەکانی زەیتی ماسی بەکاردەهێنن، ئەمەش وایکردووە قەبارەی بازاڕی فرۆشتنی ئۆمێگا-3 ساڵانە لە 1 ملیار دۆلار تێپەڕێت.

 

توێژینەوەیەکی زانستیی نوێی زانکۆی ساوسێرن کالیفۆرنیا دەریدەخات کە رەنگە ئەم تەواوکەرانە ئەو سوودە مەعریفییانەیان نەبێت کە خەڵکی چاوەڕێی دەکەن.

 

توێژەران بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی Science Daily لە گۆڤاری eBioMedicine گواستوویەتییەوە، بۆیان دەرکەوتووە بەرزکردنەوەی ئاستی ترشەکانی ئۆمێگا-3 لە مێشکدا لە رێگەی تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە نەبووەتە هۆی باشتربوونی بیرگە یان توانا درکییەکان. هەروەها ئەم تەواوکەرانە یارمەتیدەر نەبوون لە کەمکردنەوەی پووکانەوەی مێشک کە بەهۆی پیربوونەوە دروست دەبێت و هیچ پارێزبەندییەکیان دژی نەخۆشی زەهایمەر نییە.

 

توێژینەوەکە پشتی بە تاقیکردنەوەیەکی کلینیکی بەستووە کە 2 ساڵی خایاندووە و 365 کەسی لەخۆگرتبوو کە تەمەنیان لە نێوان 55 بۆ 80 ساڵیدا بوو. سەرجەم بەشداربووان سەر بەو توێژانە بوون کە زۆرترین ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی زەهایمەر هەبووە. حسێن ناجی یاسین، لێکۆڵەری سەرەکی لە زانکۆکە رایگەیاند: “ئەنجامەکانمان پاڵپشتیی بەکارهێنانی زەیتی ماسی ناکەن بۆ ئەم مەبەستە.”

 

لە تاقیکردنەوەکەدا کە 47%ـی بەشداربووان هەڵگری جینی زەهایمەر بوون، بەشداربووان رۆژانە 2000 ملیگرام لە ترشی DHAـیان وەرگرت. سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاستی ترشەکە، بەشداربووان هیچ پێشکەوتنێکیان لە تاقیکردنەوەکانی بیرگەدا تۆمار نەکرد و هیچ رێگرییەکیش بۆ پووکانەوەی ناوچەی هیپۆکامپوسی مێشک بەدی نەکرا.

 

توێژەران پێیان وایە ئۆمێگا-3 لەوانەیە زۆر کاریگەرتر بێت ئەگەر لە رێگەی سیستەمێکی خۆراکیی گشتگیرەوە وەک سیستەمی دەریای ناوەڕاست بەدەست بهێنرێت کە پشت بە ماسی و سەوزەوات دەبەستێت. ئەمەش بەو واتایە نایەت کە ماسی خواردن بێسوودە، بەڵکو دەیسەلمێنێت تەواوکەرەکان ناتوانن جێگەی سیستەمێکی خۆراکیی تەندروست بگرنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کاریگەرییەکانی خواردنی پەتاتە لەسەر نەخۆشیی دڵ

lana

سوودەکانی خواردنی باینجان

lana

سوود و زیانەکانی شەربەتی هەنار

lana