هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە هەواڵی وەرگرتنەوەی ١٠ مووشەکی بالیستیی حووسییەکانی یەمەنی ڕاگەیاند.
تورکی مالکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە، لە تۆڕی ئێکس نووسی مووشەکەکان هەموویان خرانە خوارەوە، بەڵام لەبارەی زیانەکان یان قوربانییەکانی مرۆییەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەدا.
تورکی مالکی هەروەها گوتی هێزەکانی هاوپەیمانییەکە مووشەکێکی بالیستی و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کە حووسییەکان ئاراستەی ڕیازیان کردبوو، وەرگرتووەتەوە و تێکیان شکاندوون.
ڕۆژی یەکشەممە هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدی ڕیاز، ڕاپۆرتەکان بڵاو بوونەوە دەربارەی بیستنی دەنگی تەقینەوە لە پایتەختی سعوودیە؛ دیار نییە ئایا ئەم تەقینەوانە پەیوەندییان بە وەرگرتنەوە یان بەرکەوتنی مووشەکەکانەوە هەبووە.
وادیارە هەندێک لە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی شا خالید، دوو هەفتە دوای داخستنی ئەم فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییە، ئەمڕۆ ئەنجام دران، هەرچەندە تابلۆی ڕاگەیاندنەکانی فڕۆکەخانەکە پڕ بوو لە گەشتە هەڵوەشاوەکان.
حووسییە هاوپەیمانەکانی ئێران هۆشدارییان داوە ئەم فڕۆکەخانەیە وەک “ئامانجێکی سەربازی” و “نائارام” دەمێنێتەوە.

