ئەمڕۆ لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، شاندێکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی گیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتییەکە، بەشدارییان لە کۆنفرانسی بازرگانی و ئابووریی NUMOV دا کرد.
ئەم کۆنفرانسە کە لەلایەن “یەکێتیی ئەڵمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” رێکدەخرێت، بە یەکێک لە گرنگترین کۆڕبەند و کۆنفرانسە ئابوورییەکانی ئەڵمانیا دادەنرێت. ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ئەڵمانیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە.
ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان لەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا، وەک دەرفەتێکی زێڕین دەبینرێت بۆ ناساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و کەرتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا و دامەزراوە گەورەکانی ئەڵمانیادا.

