بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی ژنێک لە سنووری هەریر دۆزراوەتەوە و پەیوەست بە ڕووداوەکەش چوار تۆمەتبار دەستگیر کراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦)، هێزەکانیان لە بوونی تەرمی ئافرەتێک لە گوندی (شێخ توراب) ئاگادار کراونەتەوە. دەستبەجێ تیمەکانی بەشی پۆلیسی هەریر گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا توانراوە چوار تۆمەتبار بە ناوەکانی (ح، س، ا)، (م، ح، س)، (م، ح، س) و (ا، ر، ک) دەستگیر بکرێن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکاندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

