ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی تشرینی یەکەمی 2026، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی ڕەوشی شنگال و مافی بڕیاردانی ئێزیدییەکان هۆشداریی دا و ڕای گەیاند، تەنیا دانیشتووانی شنگال مافی بڕیاردانیان لە چارەنووسی خۆیان هەیە، هاوکات پێشنیازی ئەنجامدانی ڕاپرسییەک دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخەکە و ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک.
لە ڕاگەیەنراوێکدا هاتووە، ماوەیەکە لەبارەی ڕەوشی شنگال و چارەنووسی خوشک و برایانی ئێزیدی، کۆمەڵێک کەس و لایەن دەرکەوتوون کە ڕێگە بە خۆیان دەدەن لێدوانی نابەرپرسیارانە و بۆچوونی نابەجێ بە ئاراستەی دژایەتیکردنی پارتی بخەنە ڕوو.
لە وەڵامی ئەو لایەنانەدا، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، “لێرەوە بە هەموو لایەک ڕادەگەیەنین کە لە هەموو قۆناغەکان و لە هەر بارودۆخێکدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرگریکاری سەرەکیی شنگال و بەرژەوەندیی خوشک و برایانی ئێزیدی بووە و ئەمەی بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی زانیوە و لەو بەرگریکردنەش بەردەوام دەبێت”.
لە پەیامەکەدا دووپات کراوەتەوە، “تەنیا دانیشتووانی شنگال و ئێزیدییەکان خۆیان ئەو مافەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان و داهاتوویان بدەن، هیچ کەس و لایەنێکی تر بۆی نییە لەجیاتی ئێزیدییەکان بڕیار لە چارەنووسیان بدات و خەت و نیشانیان بۆ دیاری بکات”.
زیاتر هاتووە، ئەگەر ئەو لایەنانە زۆر خۆیان بە پەرۆشی دۆخی شنگال و ئێزیدییەکان دەزانن، با ڕاپرسییەک لە ناو خوشک و برایانی ئێزیدی بکرێت، ئێزیدییەکان چ بڕیارێکیان دا، دەبێت هەموو لایەک بەڵێنی ئەوە بدەن پابەندی خواست و بڕیاری ئێزیدییەکان بن و ڕێز لە ئیرادەیان بگرن.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوەیش کردووە کە جگە لە خەڵکی ناوچەکە، هیچ کەس و لایەنێک مافی ئەوەی نییە خۆی بکاتە دەمڕاست و خاوەنی چارەنووس و داهاتووی ئێزیدییەکان و دەست لە کاروباریان وەربدات.

