لە چوارچێوەی بەردەوامی هەماهەنگی و چالاکییە هونەری و فەرهەنگییەکاندا، بە هاوبەشی لەنێوان پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی، کۆمەڵگەی ئێکستۆدەس و فێرگەی فرەمینگ بۆ وێنەی ڕۆژنامەوانی، چالاکییەکی تایبەت بە ناونیشانی “ئۆپن دێکس ” بۆ هۆگرانی موزیک و هونەری “دی جەی” ڕێک دەخرێت.
چالاکییەکە شەوێکی پرۆفێشیناڵ و گونجاوە بۆ ئەوا کەسانەی خولیای “دی جەی”ـن و زانیارییەکانیان سەرەتایین، دەرفەتێک بە بەشداربووان دەدات کە بنەما سەرەتاییەکانی تێکەڵکردنی (میکس) تراکە موزیکییە دڵخوازەکانیان فێرببن، ئامێرە پرۆفێشیناڵەکانی دیجەی تاقی بکەنەوە و لە ژینگەیەکی هاوکار و پڕ لە پاڵپشتیدا ڕاهێنان بکەن.
جگە لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دۆزینەوەی ستایلە موزیکییە جیهانییەکان، رووداوەکە دەبێتە سەکۆیەک بۆ دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەنێوان هۆگرانی موزیک و هونەرمەنداندا.
ئەم بەچالاکییە یەکەم پڕۆژەی نێوان فێرگەی فرێمینگ و پەیمانگەی گۆتە نییە؛ بەڵکو پێشتر بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ڕێگەی پڕۆژەی “هێلان”ـەوە چەندین چالاکی و بەرهەمی هاوبەشی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە، کە بەردەوامی بە خزمەتکردنی بوارەکانی هونەر دەدات.
چالاکییەکە کاتژمێر 7ـی ئێوارە تاوەکو 11ـی ئەمشەو (31ـی تشرینی یەکەمی 2026) لە فێرگەی فرێمینگ لە هەولێر/ کۆڵانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی، خانووی ژمارە 6 بەڕێوەدەچێت. هاتن بۆ هەمووانە و پێویست بە تۆمارکردنی پێشوەختە ناکات.

