وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لیژنەی هەمیشەیی تاقیکردنەوە گشتییەکان، ئەمڕۆ شەممە ڕێنمایی و میکانیزمەکانی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی دەوری سێیەمی ساڵی خوێندنی 2028–2026ی بڵاوکردەوە.
ئەم بڕیارە پشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەبەستێت، کە ڕێگە بە قوتابیانی پۆلە کۆتاییەکان دەدات کە بەشداریی تاقیکردنەوەکانی دەوری دووەم و دەوری تایبەتییان کردووە و تێیاندا دەرنەچوون، جارێکی تر لە تاقیکردنەوەکانی دەوری سێیەم بەشداری بکەن.
بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەت، بڕی 25 هەزار دینار بۆ هەر بابەتێکی تاقیکردنەوە وەردەگیرێت و داهاتەکە دەخرێتە هەژماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان. هەروەها دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان، پێویستە ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر خەرجییەکان پێشکەش بکرێت، بەگوێرەی ڕێنمایی دارایی پەسەندکراو.
لە ڕووی چاودێرییەوە، وەزارەت دیارییکردووە بۆ هەر ١٥ قوتابییەک یەک چاودێر دابنرێت، بە مەرجێک ژمارەی چاودێران لە هەر هۆڵێکدا لە دوو کەس کەمتر نەبێت.
هەروەها کەمترین ژمارەی قوتابی بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی تاقیکردنەوە بەم شێوەیە دیاریکراوە:
– قۆناغی سەرەتایی: 150 قوتابی.
– قۆناغی ناوەندی: 160 قوتابی.
– قۆناغی ئامادەیی: 200 قوتابی.
لیژنەکە جەختی لە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی کردنەوەی ناوەندەکانی تاقیکردنەوە کردووەتەوە و ڕێگری لە کردنەوەی ناوەندی نوێ لە دەرەوەی سنوور و پێوەرە پەسەندکراوەکان، یان فراوانکردنی ناوەندەکان بەبێ پێویستیی ڕاستەقینە دەکات.
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە قەدەغەیە پاکەتەکانی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە لە دەرەوەی بینای بەشی تاقیکردنەوەکان بمێننەوە.

