ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ ئاژانسی هەوڵی زاگرۆس وردەکاری نوێی سەر پێشکەوتنی کارەکانی لە گەورە پڕۆژەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر خستەڕوو، کە بە گوژمەی ٧٧٤ ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای ئاوزانەوە جێبەجێ دەکرێت و وەک یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی ژێرخان لە هەموو عێراقدا ڕێزبەندی یەکەمی گرتووە. پڕۆژەکە توانای گۆڕینی هاوکێشەی کەرتی ژێرخانی هەیە، بە جۆرێک جگە لە پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بەرگرتن لە ژەهراویبوونی خاک، دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی گشتی، بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە و ئاودانی بەردەوامی پشتێنەی سەوزایی و ناوچە سەوزایییەکانی شاری هەولێر.

