سەرلەبەیانی دوێنێ هەینی، پەرلەمانی بەلجیکا یاسایەکی مشتومڕاویی پەسەند کرد کە ڕێگە بە پۆلیس دەدات بچنە ناو ماڵی ئەو کەسانەی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کۆچبەری نایاسایین و فەرمانی بەجێهێشتنی وڵاتیان پشتگوێ خستووە.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەڵمەتێکی بەرفراوانتری هاوپەیمانییە ڕاستڕەوەکەی بارت دی ڤێڤەر، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، بە مەبەستی سنووردارکردنی کۆچبەری و زیادکردنی ڕێژەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی داواکاریی مافی مانەوەیان لە بەلجیکا ڕەتکراوەتەوە.
یاساکە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توندی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەران بووەتەوە؛ ئەوان پێیان وایە ڕێگەدان بە پۆلیس بۆ چوونە ناو ماڵەکان لە پێناو جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری، مەترسی بۆ سەر مافە دەستوورییەکان و یاساکانی تایبەتمەندێتی (پاراستنی ژیانی تایبەت) دروست دەکات.
لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە نزیکەی سێ هەزار کەس وەک هێمای ناڕەزایەتی زنجیرەیەکی مرۆییان لە دەوری کۆشکی داد لە برۆکسل پێکهێنا. میدیاکانی بەلجیکاش بڵاویانکردەوە کە زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا ئەنجامدراون.
دوای مشتومڕێکی توند کە تەواوی شەوی خایاند، لە کاتژمێر ٥:٠٠ی سەرلەبەیانی بەکاتی ناوخۆ (٠٤:٠٠ بەکاتی گرینچ)، زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگیان بە یاساکە دا.
بەپێی بڕگەکانی یاساکە، پشکنینی ماڵەکان تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داواکاریی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە، فەرمانی جێهێشتنی خاکی بەلجیکایان پشتگوێ خستووە و وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی گشتی سەیر دەکرێن.
پێش دەنگدانەکە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) داوای لە یاسادانەران کردبوو پرۆژەیاساکە ڕەت بکەنەوە، چونکە بە وتەی ڕێکخراوەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو کەسانەش دروست دەکات کە هاوکاریی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە دەکەن.
لە بەرامبەردا، حکومەتی بەلجیکا بەرگری لەم بڕیارە کرد و ڕایگەیاند، ئەم یاسایە ئامرازێکی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی مەترسین بۆ سەر ئارامیی گشتی یان ئاسایشی نەتەوەیی وڵات.

