zagros news agency

شاندی فراکسیۆنی پارتی و لیژنەی وەزاریی بەغدا پرسی بودجە، نەوت و مووچەیان تاوتوێ کرد

 

شاندی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ لیژنەیەکی وەزاریی تایبەتی حکومەتی فیدراڵ کۆبووەوە و تێیدا پڕۆژەیاسای بودجە، دۆسیەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فراکسیۆنی پارتی، کۆبوونەوەکە دوای دیدارێکی پێشتری شاندی فراکسیۆنەکە لەگەڵ بەڕێز عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دێت، کە تێیدا بڕیار درابوو لیژنەیەکی وەزاریی تایبەت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجە و پرسی نەوت پێکبهێنرێت.

لیژنە وەزارییەکەی بەغدا بە سەرۆکایەتیی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئەندامێتیی وەزیرانی (نەوت، دارایی، ئاوەدانکردنەوە) و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی بوو، لە بەرامبەردا شاندی فراکسیۆنی پارتی بە سەرۆکایەتیی د. شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سەرۆکی فراکسیۆن بەشدار بوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک پرسی گرنگ و چارەنووسساز کرا، کە لە سەروویانەوە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، دۆسیەی نەوت و پرسی زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بوون.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی هێنانەکایەی کۆدەنگییەکی سیاسی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، بە جۆرێک کە ماف و شایستە داراییەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بە تەواوی دەستەبەر و پارێزراو بن.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لەگەل عەباس عێراقچی کۆبونەوە

گوران

بە فەرمانی مەسرور بارزانی؛ نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر بە شێوازێکی هاوچەرخ نۆژەن دەکرێتەوە

دڵشاد

راگەیندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین