نووسینی/ صادق سیرینی
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەهەستیارترین، دژوارترین و مەترسیدارترین وێستگەی مێژوویی خۆیدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەخوڕ لەقەیرانی جیۆپۆلەتیکی، ئاڵۆزیی ناوچەیی و هەڕەشەی فیکریی و سیاسیی دەبێتەوە. ناوچەکە بەگشتی کەوتووەتە ناوەندی گێژاوێکی مەترسیداریی پێکدادانی ستراتیجیی نێوان ئەمریکاو ئیسڕائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکەوە.
لەهەناوی ئەم هاوکێشە تێکچڕژاوە ئاڵۆزو داغسووتێنەرەدا، کە خەریکە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە سەرلەنوێ بەخوێن و ئاگر دەنەخشێنرێتەوە، کورد ناتوانێت گۆشەگیر، بێدەنگ یان تەماشاکار بێت؛ بەڵکو بەهۆی نەزانی، بێئاگایی و هەڵەی سیاسییەوە، خەریکە دەبێتە قوربانیی یەکەم یان گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی تەصفییەو حیساباتی زلهێزەکان.
لەجیهانێکی پڕ لەگۆڕانکاریدا کە دەوڵەتە گەورەکانیش بەوردیی و هاوسەنگیی هەنگاو دەنێن، لۆجیکی سەرکردایەتیی و بڕیاردانی سیاسیی پێویستی بەبیرکردنەوەیەکی ستراتیج و نەتەوەیی هەیە. حیکمەتی ئەم سەردەمە بەدەنگی بەرز پێمان دەڵێت:
“نابێت ڕێگە بدەین ماڵی کورد لەناوەوە زیاتر لێک بترازێت و بەرەو وێرانیی یەکجارەکی بڕوات”
چونکە لەکاتی ڕووخانی شوراو پەرژینی پۆڵایینیی ناوخۆیی و دروستبوونی دۆخی پڕ لەمەترسیی “دوو ئیدارەیی”، هیچ پەناگەیەک بۆ پاراستنی دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان لەگۆڕەپانی ململانێی زلهێزەکاندا نامێنێتەوە.
سەرەڕای ئەم مەترسییە گشتییە، نابێت چاو لەواقیع حاڵی تاڵی ناوماڵی خۆمان داخەین، بەتایبەت کاتێک دەبینین ماڵی مێژوویی یەکییەتیی نیشتمانیی کوردستان بە چ دۆخێکی خەتەرناک و نائاسایی و داڕمانێکدا تێدەپەڕێت.
لێرەدا، پرسیاری جددیی و غەمگینی ڕۆشنبیران و نیشتمانپەروەران ئەوەیە:
ئایا یەکییەتییەکەی مام جەلال، کە ڕۆژگارێک قەڵای پێکەوەژیان و هاوسەنگیی سیاسیی بوو، بۆچی ئێستا کەوتووەتە ژێر دەستەڵاتی تاقمێکی هەڵچووی بەرژەوەندخوازەوە؟
بەداخەوە، بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە دەبێت بگوترێت: ئەو ئاراستە سەرەڕۆیەو ناهاوسەنگەی کە لەم ساڵانەدا بڕیارە نیشتیمانییەکانی یەکییەتیی قۆرخکردووە، نەک هەر نەبووەتە خاوەنی پڕۆژە، بەڵکو بووەتە بارێکی قورس و مایەی داڕمانی هاوسەنگیی و هەڕەشە لەسەر قەوارەی هەرێم خۆی. ئەمە بەڕوونی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئەزموون، کورتبینیی و تێگەیشتنێکی سفر لەدەرهاوێشتە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە لەلایەن ئەو توێژە سەرکردایەتییە “هەرزەکارو هەڵچووەوە” کە نە لەسنووری حەمرین و ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیی دەگەن و نە خەمی نەتەوەکەیانە؛ بەجۆرێک کە لەپێناو بەرژەوەندیی تەسک و کورسییەکدا، بوونەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر پێگەی خۆیان و هەڕەشەیەکی گەورەش بۆ سەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
ئەم دۆخە بانگەوازێکی جددیی لەجەماوەر، کادیرە دێرینەکان، ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی یەکییەتیی دەکات کە بڕواننە ئاراستەی ئێستای حیزبەکەیان و بپرسن: ئایا ئەمە ئەو ڕێبازە بوو کە خەباتی بۆ دەکرا؟
ئاراستەی حیکمەتی سیاسیی و هەنگاوی ڕزگاری
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم قەیران، نائومێدیی و کەموکوڕییە ناوخۆییانەدا، حیکمەتی سیاسیی و هەستی بەرپرسیارییەتیی نیشتیمانیی فەرمانمان پێدەکات کە:
- تێکۆشان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم دەبێت هەمیشە لەسەرووی حیزبایەتیی و ڕکابەرایەتیی تەسک و بیری سەرکێشییەوە بێت.
- سەردان و لێک تێگەیشتن و گفتوگۆی ڕیشەیی، بەتایبەت لەنێوان ناوەندە سەرەکییەکانی بڕیاردا (وەک هەولێرو سلێمانی)، مەرجی یەکەمە بۆ ڕێگریکردن و پوچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک کە دەیەوێت بۆشاییەکان فراوان بکات و دەرگە بەڕووی دەسیسە و دەستی دەرەکیدا بکاتەوە.
- پێویستە هێزە نیشتیمانیی و عەقڵمەندەکان، بەتایبەت دەنگە ژیرەکانی ناو کۆمەڵگەو ناوخۆی یەکییەتیی خۆی، ڕێگری لەوە بکەن کە هەڵچوون و سەرەڕۆیی تاقمێکی نابەرپرس، چارەنووسی نەتەوەیەک بکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە شەخسیی و لادەرەکان.
ڕوانگەی مێژوویی و بەرچاوڕوونی بۆ خەڵک و خاک
لەکاتێکدا کە هەموو ڕێگەکان بەرەو تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەڕۆن، ئەوەی لەم دۆخە نەخوازراوەدا زامن و قەڵای پۆڵایینی پاراستنی یەکڕیزیی، کیان و قەوارەی دەستووریی هەرێمە، ڕۆڵی مەزن و بڕیاردەری سەرکردایەتیی نیشتیمانیی و دابینکەری هاوسەنگییە کە لەخودی سەرۆک بارزانی بەرجەستەبووە.
ئەم سەرکردایەتییە ژیرو هزرمەندە، بەحیکمەتی مێژوویی، پشوودرێژیی پۆڵایین و دیدگە ستراتیجییە دووربینەکەیان، هەمیشە قەڵغانێکی نەڕووخاوی پارێزەری ماڵی کورد بوون لەبەرامبەر سەختترین گێژاوەکانداو بەرپەرچی هۆشیارانەی سیاسەتی دێرینی “پەرتکە و زاڵبە”یان داوەتەوە. ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە دەبێت تێکڕای میللەتی کورد، وەک بەرچاوڕوونییەکی مێژوویی، بەوردی بزانێت کە کێ بەکردەوە خەمخۆری ڕاستەقینەی خاک، خەڵک، قەوارەی هەرێم و داهاتووی ئەمڕۆو سبەینێی کوردو کوردستانەو کێش لەپێناو بەرژەوەندیی تەسکدا خەریکی هەڵکەندنی گۆڕی دەستکەوتەکانە.
پاشکۆیی و کێشەی ناوخۆیی هەمیشە لەمێژووی شۆڕشگێڕیدا هەبووە، بەڵام مانەوەی کیانی هەرێم و ئارامکردنەوەی دۆخی نێودەوڵەتیی، پێویستی بەوە هەیە بەرپرسانەتر، ژیرانەتر، دووربینانەترو بەدووربینێکی مێژووییەوە سەیری داهاتوو بکەین؛ چونکە مێژووی ئەم سەردەمە سڕو بێبەزەیییەو بەزەیی بەکەسدا نایەتەوە، هەروەها چارەنووسی گەلان هەرگیز بەعاتیفە، هەڵوێستی هەڵچوویی و سیاسەتی کورت مەودا ناپارێزرێت، بەڵکو تەنیا بەهۆشیاریی نیشتیمانیی، قووڵکردنەوەی یەکڕیزیی و گەڕانەوە بۆ لۆجیکی بەرزی دەوڵەتداریی سەرکەوتن بەدەست دێت؛ ئەویش لەڕێگەی ئەو دیدگە ستراتیجییە واقیعییەی کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بەپشوودرێژیی و خەمخۆرییەکی نەپچڕاوە بۆ خاک و خەڵک، لەکەسایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانیدا ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی خۆی بینیوەتەوە، وەک قەڵغان و زامنی مانەوەو سەرخستنی کیانی هەرێمەکەمان.
کەچی لەم چوارچێوەیەدا، لەکاتێکدا هەندێک لەئاراستەکان لەژێر کاریگەریی کورتبینیی ستراتیجیی، تەنگەنەفەسیی سیاسیی، ململانێی زاتیی، تاریکایی دیدگەی نیشتیمانیی، چاوچنۆکیی حیزبیی و نەخۆشییە پاشکۆییەکانی ناخ و دەرووندا، کەوتوونەتە هەڵکەندنی گۆڕی دەستکەوتەکان و پەکخستنی ماڵی ناوخۆ، لەبەرامبەردا ئەو، بێوچان و بێوەستان، لەهەنگاونان بۆ پڕۆژەکان، بونیاتنان و دروستکردنی پردی پەیوەندیی سەرکەوتوو لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بەردەوامە؛ وەک سەرکردەیەکی دەوڵەتمەدار کە هەموو خەم و هەوڵێکی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، داکۆکیکردنە لەدەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان و بنبڕکردنی گەندەڵکاران.

