ئەمڕۆ شەممە 2026،5،23، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی دابینکردنی کەشێکی ئارام و پاراستنی سەقامگیری و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان و گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، كۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.
لەکۆبوونەوەكەدا، كە بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، قائیمقامی قەزای ناوەندی، سەرۆكی شارەوانی، بەرێوەبەرانی گشتیی كشتوكاڵ، گەشت و گوزار، شارەوانییەكان، و بەڕێوەبەرانی پۆلیس، هاتووچۆ، بەرگری شارستانی، چاودێری بازرگانی، نوێنەرانی ئاسایش و ئاسایشی بازگەكان و بەرێوەبەرانی كاروباری ناوخۆ، فەرمانگەی ژینگە، ژینگە پارێزان، پۆلیسی شارەوانی، كوشتارگە، و 122 و ڤێتێرنەری و فەرمانگە و لایەنەكانی دیكەی پەیوەندیدار بەڕێوەچوو، جەخت لە بەرپرسیاریەتی هاولاتییان لە شوێنە گەشتیاری و گشتییەکاندا بۆ پاکڕاگرتنی هاوینەهەوارەکان، دارستانەکان، و سەیرانگاکانی کوردستان، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی بۆ پاراستنی سیمای جوانی سروشتی كوردستان و پاراستنی ژینگە كرایەوە و بۆ ئەومەبەستەش سەرجەم لایەنەكان ڕاسپێردران، هەموو ڕێکارێکی تایبەت بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژینگە و سزادانی هەر کەسێک کە سەرپێچی لە یاسا و ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە دەکات و سروشتی کوردستان دەشێوێنێ.
هەروەها لیژنەکانی قائیمقامییەت و چاودێری بازرگانی ڕاسپێردران بە چڕکردنەوەی چاودێری بازاڕەکان لە نزیکەوە بكەن، بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ، ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و دڵنیابوونەوە لە کوالێتی و ماوەبەسەرچوونی ئەو کاڵا و خۆراکانەی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێن، لەگەڵ سزادانی توندی سەرپێچیکاران و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ناوخۆش لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەکان، بازاڕەکان، مزگەوتەکان و سەیرانگەکان. هاوکات بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ پلانێکی گونجاو جێبەجێ بكات بۆ ڕێکخستنی شەقامەکان و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە دەروازە و ناوەندی شاردا لەكاتی گەشت و سەیرانی هاوڵاتییان.
لەتەوەرێكی تر كۆبوونەوەكەدا، لە پێناو پاراستن و سەلامەتی تەندروستی گشتی كۆبوونەوە جەختی لەوەكردەوە، كە سەربڕینی ئاژەڵ لە كۆڵان و سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان قەدەغەیە و داواشی لە هاولاتییان و هاونیشتیمانیان كرد قوربانیەكانیان لە كوشتارگە و لە ژێر چاودێری پزیشکی ڤێتێرنەریدا بکەن.
هەروەها لەڕۆژانی جەژن سەرجەم فەرمانگەکانی ( شارەوانی، ئاو، کارەبا، و بەرگری شارستانی ) تیمەکانی خۆیان بە شێوەی ئێشکگری ( خەفارەت ) بەسەر زۆنە جیاوازەکاندا دابەش دەکەن بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژندا هیچ گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست نەبێت و نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و بنکە تەندروستییە سەرەکییەکان لە شەو و ڕۆژدا بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ پێشوازیکردن لە هەر حاڵەتێکی کتوپڕ و پێشکەشکردنی چارەسەری پێویست بە هاووڵاتییان.
لەكۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی پێشوەختە لە هاووڵاتییان، جەختی کردەوە کە دامودەزگاکانی حکومەت لە خزمەتی خەڵکدا دەبن و هیوای خواست ڕۆژانی جەژن بە خۆشی و ئارامی بەڕێوە بچێت.

