ئەمڕۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ماسیی “سلور” لەسەر سامانی ماسیی وڵات، بڕی 155 ملیۆن ماسی بە قەبارە و قۆناخی گەشەی جیاواز لە دەریاچە و ناوچە ئاوییەکاندا بڵاویکردووەتەوە.
قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لێدوانێکدا روونیکردەوە، ماسیی سلور مەترسییەکی کەمتری لە ماسیی “جری” نییە. ئەو جۆرە ماسییە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2023 لە رێگەی سووریا و تورکیاوە هاتووەتە ناو عێراق و ئێستا لە باشووری وڵات، بەتایبەت لە زەلکاوەکانی دلەمج و ناوچە ئاوییەکانی دیکەدا بڵاوبووەتەوە.
مەترسیی سەرەکیی ئەم جۆرە ماسییە بریتییە لە خێرایی زۆربوون و پەلاماردانی ماسییە بچووکەکان و کلۆک و ماسییە تازە پڕووکەکان. ئەم دۆخە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر گەشە و زیادبوونی سامانی ماسیی نیشتمانی هەبووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆخە چەند هەنگاوێکی ناوە، لەوانە دانانی تەڵەی تایبەت لە زەلکاوەکان بە بەکارهێنانی سیستمی جی پی ئێس بۆ دیاریکردنی شوێنی ماسییەکان. هاوکات وەزارەتەکە بڕێکی زۆر ئاوی سازگاری بەرداوەتەوە، چونکە سلور لە ئاوی پیسدا دەژیت و ئاراستەی ماسیگرەکانی کردووە تاوەکو مامەڵەی پێویست لەگەڵ ئەو جۆرە ماسییەدا بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەت پلانی هەیە ئەم قەیرانە بگۆڕێت بۆ سەرچاوەیەکی ئابووری. پلانەکە بریتییە لە کڕینەوەی ماسییەکە لە ماسیگرەکان بە نرخی گونجاو، بۆ ئەوەی لە دروستکردنی زەیتی ماسی و تێکەڵکردنی لەگەڵ ئالیکی پەلەوەردا بەکاربهێنرێت و ببێتە سەرچاوەیەکی ئابووریی سوودبەخش.

