zagros news agency

زانایان میکانیزمی تێپەڕبوونی ئەختەبوت بەناو کونە تەسکەکاندا ئاشکرا دەکەن

 

زانایان لە توێژینەوەیەکی نوێدا، ئەو میکانیزمەیان ئاشکراکرد کە ئەختەبوت بۆ تێپەڕبوون بەناو کونە زۆر تەسکەکاندا پشتی پێ دەبەستێت، بەجۆرێک جووڵەی هەشت قاچەکەی و جەستە نەرمەکەی بەپێی قەبارەی کونەکە رێکدەخات. ئەم رەفتارە دەکرێت یارمەتی ئەندازیاران بدات لە پەرەپێدانی ئەو رۆبۆتانەی توانای جووڵەیان لە شوێنە تەسکەکاندا هەیە.

پێچەوانەی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی دیکە کە خاوەنی ئێسکەپەیکەری رەقن، ئەختەبوت جەستەیەکی تەواو نەرمی هەیە. زانایان جەستەی ئەو گیاندارە بە “پێکهاتەیەکی ماسولکەیی کە بۆ پشتگیری و جووڵە پشت بە شلەکان دەبەستێت” وەسف دەکەن، چونکە ماسولکەکانی بەبێ پێویستی بە ئێسک، هەردوو ئەرکی پشتگیری و جووڵە پێکەوە جێبەجێ دەکەن.

هەشت قاچەکەی ئەختەبوت توانای چەمانەوە و کشانیان هەیە، هاوکات بەشی ناوەندیی جەستەشی کە بە “پۆشاک” ناسراوە، دەتوانێت شێوەکەی بگۆڕێت. جگە لەوەش، سیستەمی سووڕی خوێنی بەجۆرێک کار دەکات کە لەگەڵ چەمانەوە و گرژبوونەکاندا بگونجێت؛ بۆرییە سەرەکییەکانی خوێن خاوەنی سیستەمێکی پاڵنانن و یارمەتی بەردەوامیی رۆیشتنی خوێن دەدەن، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە بەشێک لە جەستەی دەکەوێتە ژێر گوشارەوە.

وینسی شین، توێژەر لە تاقیگەی رۆبۆتی نەرم لە زانکۆی نیشتمانیی سەنگافوورە و یەکێک لە ئامادەکارانی ئەو توێژینەوەیەی لە گۆڤاری “جورنال ئۆف ئێکسپێریمێنتاڵ بیۆلۆجی”دا بڵاوکراوەتەوە، گوتی: “ئەختەبوت لە سروشتدا دەتوانێت بەناو ئەو بۆشاییانەدا تێپەڕێت کە لە جەستەی خۆی بچووکترن، ئەوەش توانایەکە بە رەفتاری پەستان ناسراوە.”

شین روونیکردەوە، توێژەران هەوڵیاندا لەوە تێبگەن ئایا نەزمێکی گشتی هەیە کە حوکمی شێوازی جێبەجێکردنی ئەو رەفتارە لەلایەن ئەختەبوتەوە بکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە پەرەپێدانی رۆبۆتەکاندا سوودی لێ وەربگیرێت.

توێژەران لە تاقیکردنەوەکەدا، وێنەی سێ ئەختەبوتی جۆری باویان لە قۆناخی پێش پێگەیشتندا گرت کاتێک هەوڵیان دەدا بەناو کونێکی دەستکاریکراودا تێپەڕن. لەو پرۆسەیەدا دوو ستراتیژیی سەرەکییان چاودێریکرد؛ یەکەمیان لە سێ هەنگاو پێکهاتووە کاتێک پانیی کونەکە لە مەودای نێوان هەردوو چاوی ئەختەبوتەکە گەورەتر بێت، دووەمیشیان لە چوار هەنگاو پێکهاتووە کاتێک کونەکە لەوە تەسکتر بێت.

شین گوتیشی: “لە سەرەتادا پێشبینیمان دەکرد ئاژەڵەکان هەمان ستراتیژی بەکاربهێنن، بەڵام تووشی سەرسوڕمان بووین کاتێک بینیمان ستراتیژییەکە گۆڕا.”

لە مانۆڕی سێ هەنگاویدا، ئەختەبوتەکە سەرەتا بە بەکارهێنانی تەنیا یەک قاچ کونەکە دەپشکنێت، پاشان ژمارەیەک لە قاچەکانی دیکەی پێدا تێپەڕ دەکات، پێش ئەوەی ئەو قاچانەی بردوونیەتە ناوەوە بۆ گوشارخستنە سەر بەربەستەکە بەکاربهێنێت و قاچەکانی دیکە و سەر و پۆشاکەکەی بۆ لایەکەی دیکە رابکێشێت.

کاتێکیش کونەکە تەسکتر بێت، ئەختەبوتەکە هەنگاوێکی دیکە زیاد دەکات کە بریتییە لە راکێشانی ئەو قاچانەی ماونەتەوە بەناو کونەکەدا، پێش ئەوەی سەر و پۆشاکەکەی بە جیا تێپەڕ بکات.

زانایان هێشتا دڵنیا نین لەو هۆکارەی دیاریی دەکات تەسکترین کون چییە کە ئەختەبوت بتوانێت پێیدا تێپەڕێت. دەنووکەکەی، کە ئەرکی شەویلگە دەبینێت و بە تەنیا بەشی رەقی جەستەی ئەو ئاژەڵە دادەنرێت، ماوەیەکی درێژ وەک هۆکاری یەکلاکەرەوەی ئەو توانایە سەیر دەکرا، بەڵام شین گوتی تاقیکردنەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لەوانەیە قەبارەی ئەو قاچانەی لە جەستەوە نزیکن هۆکاری دیاریکەر بێت، نەک دەنووکەکەی.

هەواڵی پەیوەندیدار

چوار خواردن پێش نوستن بۆ تەندروستی مێشک بەسوودن

lana

ئایا زەردێنەی هێلکە زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت

lana

پزیشکێک: پێوانی پەستانی خوێن بەهەڵە، نەخۆش تووشی چارەسەری نادروست دەکات

یاسین