توێژەرانی بەریتانی سەرقاڵی تاقیکردنەوەی توانای زیرەکیی دەستکردن بۆ دەستنیشانکردنی نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە لە رێگەی وێنەی چاوەوە، پێش ئەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەربکەون.
تیمە پزیشکییەکە هیوادارن پشکنینی رۆتینیی چاو یارمەتیی پزیشکان بدات ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن کە پێویستیان بە پشکنینی زیاترە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستییان.
پڕۆژەکە سەرنج دەخاتە سەر خوێنبەرە وردەکان و شانە دەمارییەکانی بەشی پشتەوەی چاو. توێژەران ئەو وێنانە شیکار دەکەن کە لە کاتی پشکنینە رۆتینییەکاندا گیراون، پاشان ئەو گۆڕانکارییانەی بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد دەستنیشانی دەکەن، بەراوردی دەکەن بەو زانیارییانەی لە تۆمارە تەندروستییەکانی نەخۆشەکاندا هەن.
توێژەران هەوڵ دەدەن دەری بخەن کە ئاخۆ ئەو گۆڕانکارییانە پێش دەرکەوتنی نەخۆشییەکە روودەدەن یان نا، هەروەها دەیانەوێت رادەی دروستیی سیستەمەکە لە پێشبینیکردنی نەخۆشییەکاندا دیاری بکەن. هاوکات ناوەندی توێژینەوە و داهێنانی پزیشکیی چاو لە باکوور، کە سەر بە زانکۆی سەندەرلاندە، بڕی 12.2 ملیۆن پاوەندی بەریتانی وەک بودجەی حکوومی بەدەستهێناوە.
ماسیۆ کامبڵ، هاوسەرۆکی ناوەندەکە روونیکردەوە، بودجەکە یارمەتیی توێژەران دەدات تەکنیکەکە پەرە پێبدەن و لەنێو دامەزراوەکانی چاودێریی تەندروستیدا تاقی بکەنەوە.
بەپێی راپۆرتێکی بی بی سی، تیمەکە پلانی هەیە لە داهاتوودا توێژینەوەکانی فراوانتر بکات، تا بزانن ئاخۆ وێنەی چاو نیشانەی سەرەتایی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە یان جەڵتەی مێشکیش لەخۆ دەگرێت.

