توێژینەوەیەکی نوێ کە لە مانگی ئابی ۲۰۲۶ لە گۆڤاری زانستیی (iScience) بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە مێشکی سەگەکان توانایەکی بەرز و قووڵی هەیە بۆ جیاکردنەوەی هەستە ئەرێنی و نەرێنییەکانی مرۆڤ. بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، زانایان لە ڕێگەی پشکنینی ئێم ئاڕ ئای (MRI) بۆ مێشکی سەگەکان، سەلماندیان کە ئەم ئاژەڵانە نەک تەنها لە نێوان دڵخۆشی و توڕەییدا جیاکاری دەکەن، بەڵکو دەتوانن جیاوازی لە نێوان هەستە نەرێنییە ورد و ئاڵۆزەکانی وەک (ترس و توڕەیی) و (ترس و دڵتەنگی)شدا بکەن.
شێوازی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە:
توێژینەوەکە لە زانکۆی نیشتمانیی مەکسیک دەستی پێکرد و پاشان لە زانکۆی “ئۆتۆڤۆش لۆراند” لە هەنگاریا فراوانتر کرا، و لەژێر چاودێریی توێژەرانی زانکۆی ڤیەنا ئەنجامدرا.
لەم تاقیکردنەوەیەدا، سەگەکان لە حالتێکی بەئاگاییدا و بەبێ هیچ بەستنەوەیەکی فیزیکی لەناو ئامێری ئێم ئاڕ ئای (MRI) دا داخران و هاوكات وێنەی جۆراوجۆری دەموچاوی مرۆڤەکانیان نیشاندرا تا چالاکیی مێشکیان تۆمار بکرێت.
لۆرا ڤی کوایا، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە ڕایگەیاند: “ئەمە یەکەم جارە دەسەلمێنرێت کە سەگەکان دەتوانن جیاوازی لە نێوان دەموچاوێکدا بکەن کە دوو هەستی نەرێنیی هاوشێوە نیشان دەدەن.”
کاردانەوەی مێشکی سەگ بۆ هەستەکان:
کاردانەوە بۆ دڵخۆشی: نیشاندانی دەموچاوی دڵخۆش بووە هۆی چالاکبوونی بەشێکی مێشکی سەگەکان بە ناوی “خوشەی ڕاستی لاجانگی” (Temporal Cluster) کە دەگاتە “هەستەی کلکدار” (Caudate Nucleus). ئەم ناوچەیەی مێشک پەیوەستە بە چەمکی “پاداشت”ـەوە، ڕێک وەک ئەو کاتەی سەگەکە چاوەڕوانی خۆراک یان ستایشکردن دەکات.
جیاکاری لە نێوان هەستە نەرێنییەکاندا: لە تاقیکردنەوەی دووەمدا کە لەسەر ۱۲ سەگ کرا، دەرکەوت لە بەشێکی جیاوازی مێشکدا، سەگەکان جیاوازی لە نێوان ترس و توڕەیی، و نێوان ترس و دڵتەنگیدا دەکەن؛ بەڵام وادیارە لە نێوان خەمۆکی و توڕەییدا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە مێشکیاندا ڕونادات.
تایبەتمەندیی جۆری سەگەکان لەم توێژینەوەیەدا:
زۆربەی ئەو سەگانەی تاقیکردنەوەکەیان لەسەر کراوە لە جۆری “بۆردەر کۆلی” (Border Collie) بوون.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جۆره لە بنەڕەتدا بۆ کارە دەرەکییەکانی وەک شوانکاری و مێگەلپارێزی پەروەردە کراون و لە بەچکەییەوە ئەو سەگانە هەڵبژێردراون کە باشتر گوێ دەگرن و سەرنجی مرۆڤ دەدەن. هەروەها ئەم سەگانە ئاژەڵی ماڵی بوون و ڕۆژانە ۲۴ کاتژمێر لەگەڵ مرۆڤدا ژیاون. بۆیە پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە تا بزانرێت ئایا نژادەکانی دیکەش هەمان کاردانەوەی مێشکیان دەبێت یان نا.
بەربەستەکانی توێژینەوەکە و ڕای پسپۆڕان:
کڵایڤ ڤین، بەڕێوەبەری پەیمانگەی زانستی سەگ لە زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا (کە بەشداری نەکردووە لە توێژینەوەکەدا) ڕایگەیاند، ئەم تاقیکردنەوەیە دەسەلمێنێت مێشکی سەگ دەموچاوەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە سەگەکە لە ڕووی مەعریفی و چەمکییەوە (Conceptual) لە خودی هەستی مرۆڤەکە تێدەگات.
زانایان دەڵێن لە ژیانی ڕاستەقینەدا، سەگەکان زیاتر پشت بە زمانی جەستە دەبەستن نەک تەنها دەموچاو. لە ئێستاشدا ئامادەکاری دەکرێت بۆ تاقیکردنەوەی نوێ لە ڕێگەی نیشاندانی ڤیدیۆی ئەو مرۆڤانەی کە دەموچاویان بە دیجیتاڵی شێوێندراوە، تا تەنها زمانی جەستەیان هەڵسەنگێندرێت.

