لەسەر ڕاسپاردە و ئەركی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، پەیكەری فەرهەنگنووس و رۆژنامەنووسی دیاری كورد، ڕەوانشاد گیو موكریانی، لەلایەن هونەرمەند سەردار قادر شوێنە شكاوەكانی چاك كرانەوە و دواتر بۆیە كرایەوە و سیمایەكی جوان و نوێی كرایەوە بەر.
ئەم پەیكەری گیوی موكریانی لە شوێنی چاپەمەنییەكەی لەژێر قەڵای هەولێرە و لەسەر ڕێی گشتی پیادەڕۆی خەڵكە، ساڵانێكە بەهۆی كاریگەرییەكانی كەشوهەواوە تێكچووە و هەندێك بەشی شكابوون و ڕەنگەكەیشی بەتەواوی تێكچووبوو، بۆیە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەبوو.
مێژوونووس و ڕۆژنامەنووس و وێنەگر و خاوەن چاپخانەی كوردستان گیو موكریانی، كە برای بچووكی ڕۆژنامەنووسی كورد حوسێن حوزنی موكریانی و هاوكات باوكی مامۆستای زانكۆ و نووسەر و ئەكادیمیست خاتوو كوردستان موكریانییە، ناوی تەواوی عەبدولرەحمان سەید عەبدوللەتیفە و ناسناوی گیوی موكریانییە، لە ١٩٠٤ لە مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایك بووە و لە ١٩٧٧ لە نەخۆشخانەی مووسڵ بە نەخۆشیی دڵ كۆچی دوایی كردووە و لە هەولێری پایتەخت بە خاك سپێردراوە.

