zagros news agency

ئایا ڤیتامین B12 کێشەی ماندووبوونی بەردەوام چارەسەر دەکات؟

 

> سپۆڕان دەڵێن وەرگرتنی ڤیتامین B12ی زیادە بۆ ئەو کەسانەی کە کەمیی ئەم ڤیتامینەیان نییە، کاریگەریی لەسەر ئاستی وزە نابێت، چونکە ماندوویی هۆکاری زۆری هەیە و پێویستە پزیشک هۆکارەکەی دیاری بکات.

بەکارهێنانی ڤیتامین B12 لە سەنتەرەکانی جوانکاری و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا وەک ڕێگەیەکی خێرا بۆ نەهێشتنی ماندوویی و زیادکردنی وزە ڕیکلامی بۆ دەکرێت. هەندێک لەم سەنتەرانە بانگەشە دەکەن کە کەسەکان یەک یان دوو ڕۆژ دوای وەرگرتنی دەرزییەکە هەست بە وزەیەکی زیاتر دەکەن و پێشنیار دەکەن کە ئەم دەرزییە هەموو چەند هەفتەیەک جارێک دووبارە بکرێتەوە. بەڵام بەپێی گاردین، پسپۆڕان دەڵێن وەرگرتنی ڤیتامین B12ی زیادە بۆ ئەو کەسانەی کە کەمیی ئەم ڤیتامینەیان نییە، ڕەنگە کاریگەریی لەسەر ئاستی وزە نەبێت.

ڤیتامین B12 بە شێوەیەکی سروشتی لە گۆشت، ماسی، هێلکە و بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا هەیە و بۆ هەندێک دانەوێڵەی بەیانیان و خەمیرەی خواردەمەنیش زیاد دەکرێت. ئەم ڤیتامینە بۆ بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکان، دروستکردنی دی ئێن ئەی، کارکردنی دروستی دەمارەکان و گۆڕینی خۆراک بۆ وزە زۆر پێویستە.

ئاندریا دین، پسپۆڕی خوێن لە سەنتەری پزیشکیی زانکۆی لویۆلا لە شیکاگۆ، دەڵێت کەمیی B12 دەتوانێت ببێتە هۆی کەمخوێنی، کێشەی بیرگە، خەمۆکی و ماندوویی. لە حاڵەتە سەختەکاندا، سڕبوون و مێروولەکردنی دەست و قاچەکانیش ڕەنگە سەرهەڵبدات.

بەکارهێنانی خۆراکی دەوڵەمەند بە B12 بە مەرج نییە دڵنیایی بدات لە هەڵمژینی تەواوی ئەم ڤیتامینە. گەدە بۆ هەڵمژینی ڤیتامین B12 پێویستە ترشەڵۆکی پێویست و پڕۆتینێک بە ناوی «فاکتەری ناوخۆیی» بەرهەم بهێنێت. نەخۆشییەکانی وەک هەوکردنی گەدە و کەمخوێنیی خراپ، کە جۆرێکە لە نەخۆشیی خۆپارێزی، دەتوانن هەڵمژینی ئەم ڤیتامینە تێک بدەن.

نزیکەی ٤٪ی گەورەساڵانی ئەمریکی کەمیی B12یان هەیە و ئەم کێشەیە لە کەسانی سەرووی ٦٠ ساڵدا باوترە. نەشتەرگەریی گەدە، نەشتەرگەریی کەمکردنەوەی کێش، نەخۆشیی سیلیاک، کرۆن و زۆر خواردنەوەی کحولیش مەترسیی کەمییەکە زیاد دەکەن. بەکارهێنانی درێژخایەنی مێتفۆرمین بۆ شەکرە و دەرمانەکانی کەمکردنەوەی ترشەڵۆکی گەدەش دەتوانن ئاستی B12 کەم بکەنەوە. ڕووەکخۆرەکان، بەتایبەتی ڕووەکخۆرە ڕەهاکان، لە ئەگەری بەکارنەهێنانی تەواوکەر یان خۆراکی دەوڵەمەندکراو، لە مەترسیی کەمیی ڤیتامین B12دان.

لەو کەسانەی کە ماندوویی یان خاوبوونەوەی مێشکیان بەهۆی کەمیی B12ەوەیە، چارەسەر دەتوانێت یارمەتیی گەڕانەوەی وزە بدات؛ بەڵام وەرگرتنی بڕێکی زیاتر لەم ڤیتامینە لە کەسانی خاوەن ئاستی ئاسایی، ماندوویی کەم ناکاتەوە و کارایی وەرزشی باشتر ناکات. دین دەڵێت زیادبوونی وزە دوای دەرزی لە هەندێک کەسدا ڕەنگە بەهۆی کاریگەریی دارونماوە بێت.

تێچووی هەر دەرزییەکی B12 بۆ سەنتەرەکانی پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە لە ئەمریکا بە گشتی کەمتر لە یەک دۆلارە، بەڵام بە کڕیاران بە تێچووی نێوان ٢٥ بۆ ٧٥ دۆلار دەدرێت. ڤیتامین B12 بە گشتی تەنانەت بە بڕێکی زۆریش بێمەترسییە، چونکە جەستە بڕە زیادەکە فڕێ دەدات؛ بەڵام دەرزیی B12 لە کەسانی بێ کەمی، ڕەنگە شایەنی تێچووەکەی نەبێت.

ماندوویی هۆکاری زۆری هەیە، لەوانە خەوی ناکافی، کەمکارکردنی تایرۆید و کەمیی ئاسن. بۆیە، ئەو کەسانەی کە زۆرجار هەست بە ماندوویی دەکەن، پێویستە بۆ پشکنینی هۆکارەکەی سەردانی پزیشک بکەن. ئاستی B12 بە تاقیکردنەوەی خوێن دەپێورێت. زۆربەی تاقیگەکان بڕی کەمتر لە ٢٠٠ یان ٢٥٠ پیکۆگرام لە میلیلیتردا بە نزم دادەنێن، بەڵام هەندێک پزیشک کەسانی خوار ئاستی ٤٠٠یش چارەسەر دەکەن. لە حاڵەتە گوماناوییەکاندا، تاقیکردنەوەکانی مێتیل‌مالۆنیک ئەسید و هۆمۆسیستین دەتوانن یارمەتیی دەستنیشانکردنی کەمییەکە بدەن.

 

ڤیتامین B12 بە شێوەی حەب یان دەرزی دەدرێت. دەرزیی ماسوولکەیی یان ژێرپێستی کۆئەندامی هەرس تێدەپەڕێنێت و بۆ کەسانی تووشبوو بە کەمیی سەخت، نیشانە دەمارییەکان، یان تێکچوونی هەڵمژین لەوانە کەمخوێنیی خراپ گونجاوترە. بەڵام بۆ زۆرێک لە کەسەکان، حەبەکانی خواردنی بە دۆزی بەرز نزیکەی بە ئەندازەی دەرزی لە زیادکردنی ئاستی B12ی خوێندا کاریگەرن و تێچووی کەمترە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کێشەکانی تەمەنی هەرزەکاری

lana

کاریگەری خواردنەوەی قاوە لەسەر ڕێژەی شەکری خوێن چییە؟

lana

شەش خواردن چارەسەری هەوکردنی سی دەکەن

lana