zagros news agency

عەتا ڕەوف بۆ زاگرۆس: جووڵەکانی سەرۆککۆمار بۆ دروستکردنی هەرێمی تر پێچەوانەی دەستوورە و هەوڵێکە بۆ پارچەکردنی هەرێمی کوردستان

 

نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی لە شاری هەڵەبجە، عەتا ڕەوف، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی زاگرۆس ڕایگەیاند، نزار ئامێدی کە لە دەرەوەی بنەماکانی تەوافوقی لایەنە کوردییەکان وەک سەرۆککۆمار سەپێندراوە، لە دوای پڕۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەستی بە جموجۆڵ و سەردان بۆ لایەنە عێراقییەکان کردووە بە مەبەستی کارکردن بۆ دروستکردنی هەرێمی تر و لەتکردنی هەرێمی کوردستان.

عەتا ڕەوف ئاماژەی بەوە دا ئەم جۆرە کارانە پێچەوانەی دەستوورن و سەرۆککۆمار لەبری ئەوەی وەک نوێنەری کورد کار بکات، بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەرکار بووە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی یەکێتی، بۆیە پێویستە لە ڕێگەی تەلەفزیۆن و میدیاکانەوە هەڵمەتێکی ڕێکخراو بە زمانێکی بەرز و یاسایی و سیاسی لە چوارچێوەی وەرگرتنی ڕای شارەزایان، یاساناسان، نووسین، مێزگرد و ڕیپۆڕتاژی تایبەت ئەنجام بدرێت تا ڕای گشتی لەو هەوڵە نابەجێیانە ئاگادار بکرێتەوە.

ڕوونیشیکردەوە، سەرۆککۆمار و هەموو ئەوانەی وەک پشکی کورد لە بەغدا کار دەکەن، پێویستە وەک پاسەوانی دەستوور کار بکن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و یەکپارچەییەکەی و دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی پۆستە سیادییەکان بۆ ململانێ و بەرژەوەندییە حزبییەکان. بەپێی ماددەی ١١٧ی دەستووری عێراق کە دانی بە هەرێم و دەسەڵات و دامەزراوەکانیدا ناوە، سەرۆککۆمار پابەندە بە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و وەستانەوە لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ نەهێشتنی، بۆیە دروستکردنی هەرێمی جیاواز یان بڕینی پەیوەندییە کارگێڕییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم، بە هەوڵێک بۆ درزبردنە جەستەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەبینرێت و ڕەفتارێکە لەبری پاراستنی قەوارەکە هاوکاری پارچەبوونی دەکات.

جەختیشی کردەوە کە لە ماددەکانی ٦٧ و ٧٣ی دەستووری عێراقدا سەرۆککۆمار وەکو “پارێزەری دەستوور” و ڕەمزی یەکێتیی نیشتمانی پێناسە کراوە و بەپێی دەقەکە هەر ڕەفتارێک ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمێک یان قووڵکردنەوەی لێکترازانی سیاسی لە نێوان پەرلەمان و حکوومەتدا، لەگەڵ ڕۆڵی سەرۆککۆمار وەکو ناوبژیوانێکی بێلایەن ناکۆکە، چونکە ماددەی ٦٧ جەخت دەکاتەوە کە ناوبراو نوێنەرایەتی سەروەری وڵات و یەکێتیی نیشتمانی دەکات، بەڵام لایەنگری بۆ هەر پارتێک متمانەی ئەو وەکو سەرۆکی هەموو عێراقییەکان لەکەدار دەکات.

سەبارەت بە ململانێ ناوخۆییەکانیش، ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە سەرۆککۆمار کار بۆ نێوەندگیریی بێلایەنانە و پاراستنی سەقامگیری بکات نەک پشتیوانیکردنی ئاراستەیەکی حزبی دیاریکراو، چونکە بەکارهێنانی کارت و پەیوەندییە سیادییەکان بۆ سەپاندنی فشاری حزبی یان پشتیوانیکردن لە باڵێکی سیاسی لە دژی باڵێکی تر لەگەڵ فەلسەفەی پۆستەکەدا یەک ناگرێتەوە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆککۆمار نوێنەرایەتی کورد دەکات و هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی هەرێم و لەتكردنی ناپاکی نیشتمانی و نەتەوەییە، بەتایبەت کە پێگە و دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆمار بەکاردەهێنرێت بۆ سەپاندنی ئەجێندای ناوخۆیی یەکێتی و بەهێزکردنی لە بەغدا لەسەر حیسابی حکوومەتی هەرێم، هەروەها هاوکاریکردن یان ئاسانکاریکردن بۆ مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاکان لەگەڵ بەغدا یان پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی جیاکردنەوەی سلێمانی و لامەرکەزی، هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوە و درزبردنە جەستەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک سەرۆککۆمار لەبری ئەوەی بەرگریکارێکی سەرسەختی تەواوی قەوارەی هەرێم و ناوەندێتیی دەسەڵاتەکەی لە هەولێر بێت، بووەتە ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

خەڵاتەکانی ئۆلیڤیێ لە یۆبیلی زێڕینیدا لە لەندەن دابەش کران

ART

کۆمبوونەک دەربارەی ڕێکخستنا هاتنوچۆن و کرێیا ڤەگوهاستنا قوتابی و فەرمانبەران ل دهۆکێ هاتە ئەنجامدان

یاسین

سەرۆک‌وەزیرانی قەتەر: دەبێت هەموو لایەنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هەوڵ بدەن

یاسین