zagros news agency

سەرۆکی حکومەت؛ هیوادارم بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بتوانين دەرفەتی دامەزراندن و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین

* كاراكردنەوەی پەرلەمان دژی هیچ كەس و لایەنێك نییە، بەڵکوو گەڕاندنەوەی متمانە بووە بۆ دەنگدەران

• هیوادارم هەموو لایەنەكان، بە بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانی لە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان بڕوانن

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/12، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی خولی چل و پێنجەمینی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر بەڕێوە چوو.

لە گوتارێكدا سەرۆكی حكومەت پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولەكە كرد و سوپاسی ماندووبوونی مامۆستایان و كەسوكاری قوتابییەكانی كرد و هیوای سەركەوتن و دواڕۆژێكی گەشی بۆ خواستن.

هەروەك ئاماژەی بە سەردانەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق و كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد و ڕوونی كردەوە كە یەكێك لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان، بابەتی دامەزراندنی فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆکانمان بووە کە زیاتر لە دوازدە ساڵە، ڕێگە بە هەرێمی کوردستان نەدراوە فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنێت، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆی هەیە کە بەشێکیان دەیانەوێ لە کەرتی گشتیدا دابمەزرێن.

لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا سەرۆكی حكومەت باسی لە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە ئامانج لەم كارە پاراستنی قەوارەی شەرعیی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بووە و دژی هیچ كەس و لایەنێك نەبووە. بۆیە هیوای خواست سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە بەرپرسیارێتییەوە لە پرۆسەكە بڕوانن و لەبەر ڕۆشنایی بانگەوازی جەنابی سەرۆک بارزانی، بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و بەشدار بن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بەناوی خودای گەورە و دلۆڤان

بەڕێز دكتۆر ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

بەڕێزان سەرۆک و ئەنجومەن و مامۆستایانی بەڕێزی زانکۆی سەلاحەددین

قوتابییانی دەرچووی هێژا

کەسوکاری بەڕێزی قوتابییان

ئامادەبوانی خۆشەویست

ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە، لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارین لەم ئاهەنگ و ڕێورەسمە تایبەتەدا، بە بۆنەی دەرچوونی خولی چل و پێنجەمینی زانکۆکەتان. گەرمترین پیرۆزبایی لە قوتابییە دەرچووەکان دەکەم و ئومێدی سەرکەوتن و دواڕۆژێکی گەشتان بۆ دەخوازم لە قۆناخەکانی داهاتووی ژیانتاندا.

سوپاسی سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆ و گشت مامۆستایانی بەڕێز دەکەم، بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی پیرۆزی خۆیان لە پێگەیاندنی قوتابیياندا.

هەروەها ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ ئەرک کێشان و ماندووبوونی دایک و باوک و کەسوکاری قوتابیان، کە بە دڵنییاییەوە، ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵن بە دەرچوونی نەوەکانیان و چنینەوە بەری ڕەنج و ماندووبوونیان. چونکە دەرچوونی ئێوە، چەند دەسکەوتی ئێوەی قوتابییە، هێندەش دەسکەوتێکی گەورەی دایک وباوک و کەسوکارتانە.

دەرچوانی بەڕێز:

هەر یەک لە ئێوە، ئەمڕۆ بڕوانامەیەک لە بوارێکی دیاریکراودا بە دەست دەهێنن، ئەم بڕوانامەیە، بێگومان تەنیا کارت و کاخەزێک نییە بە تەنیا، بەڵکوو بەڵگەنامەیەکە بۆ ئەو زانین و پسپۆڕی و شارەزاییەی، لە زانستە جیاجیاکاندا، لە ماوەی خوێندنی زانکۆدا، فێری بوون و بەدەستتان هێناوە. هیوادارم هەر یەکەتان، بتوانن لە بواری تایبەتمەندی خۆتاندا، خزمەتی کۆمەڵگە و وڵاتەکەتان بکەن و ڕۆڵێکی دیارتان لە کاروانی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی کوردستاندا هەبێت.

هەوڵ بدەن خۆتان داهێنان بکەن و دەتوانن لە پڕۆژەیەكی بچووکە دەست پێ بکەن. هەمیشە لە هەوڵەکانتان بەردەوام بن تا سەردەکەون. لە شکستهێنان مەترسن، شكست ئەوە نییە کە هەوڵ بدەین و سەرنەکەویت، بەڵکوو شکست ئەوەیە کە لە ترسی سەرنەکەوتن، هەرگیز هیچ هەوڵێک نەدەیت.

بەڕێزان:

ئەو ئارامی و دەرفەتی کار و کەشە گونجاوەی ئێوە چاوەڕێی دەکەن، پێویستیی بە سەقامگیریی ئابووری و ئەمنی و سیاسیی هەیە. هەر بۆیەش ئێمە بەردەوام لە هەوڵ داین بۆ ڕەخساندنی بارودۆخێكی گونجاو بۆتان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و وەزیرە بەڕێزەکانی حکومەتەکەی، کۆبوونەوەی چڕمان كرد و گفتوگۆیەكی درێژمان هەبووە کە پێداگیریمان لە سەر مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و بەشە بودجەی تایبەتی هەرێمی کوردستان کرد.

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانمان، بابەتی دامەزراندنی فەرمانبەران و دەرچوانی زانکۆکانمان بوو، کە بە داخەوە زیاتر لە دوازدە ساڵە، ڕێگە بە هەرێمی کوردستان نەدراوە فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنین، بە تایبەتی کە ئێمە ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆمان هەن کە بەشێکیان دەیانەوێ لە کەرتی گشتیدا دابمەزرێن.

هیوادارم بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە بارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراقدا، بتوانين دەرفەتی دامەزراندن و هەلی کاری زیاتر، بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لە ساڵانی ڕابروودا، پشتیوانییەکی باشمان لە کەرتی تایبەت کردووە و هەموو کارئاسانییەکمان پێشکەش کردوون بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کارا لە کوردستاندا بگێڕن و سەرەنجام هەلی کاری زیاتریش، بۆ گەنجەکانمان دەستەبەر بکەن و بڕیاریشمان دەرکردووە، بۆ ئەوەی گەنجانی کوردستان زیاتر بەکار بخرێن.

لە هەمان کاتدا، دەستمان بە چاکسازییش کردووە لە یاسای کاردا، بۆ ئەوەی هەلومەرجی کارکردن لە کەرتی تایبەتيشدا، بە تایبەت لە ڕووی پاراستنی مافە یاساییەکان و دابینکردنی داهاتووی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، باشتر بکەین کە هاوشێوەی کارمەندان و فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بێت.

ئامادەبوانی بەڕێز:

وەک ئاگادارن دوای دوو ساڵ، دواجار پەرلەمانی کوردستان کارا کرا و دەستی بە کارەکانی خۆی کردەوە. ئامانج لەم پرۆسەیە، پاراستنی قەوارەی شەرعیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بوو. دژی هیچ كەس و لایەنێك نەبووە، بەڵكوو بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دەنگدەرانی خەڵكی كوردستان و هەموو پێكهاتەكان و لایەنە سیاسییەكان بووە.

لێرەدا دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە بوێرانە ئەرکی ئەخلاقی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و بەشداریان لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد.

هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانیی، لەم پرۆسەیە بڕوانن و پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن و لەبەر ڕۆشنایی بانگەوازی جەنابی سەرۆک بارزانی، بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و بەشدار بن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە هەموومان زیاتر بتوانین خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و كوردستانمان بەهێزتر و ئاوەدانتر بكەین.

سوپاسێكی بێ پایانی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین، سوپاسی هێزی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان دەكەین بۆ ئەو ئاسایش و ئارامییەی بۆ ئێمەیان بەرقەرار كردووە. سەری ڕێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دادەنەوێنین.

جارێکی تریش پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هەر سەركەوتوو بن، ئەم سەركەوتنە لە ئێوە پیرۆز بێ، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

هەر شاد و سەرکەوتوو بن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆكی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسی دەکات

سەڵاح

فایەق زێدان و قالیباف هاوکارییە دادوەری و یاساییەکانی نێوان بەغدا و تارانیان تاوتوێ کرد

گوران

کۆبارسی ستایشی مباپی و لامین یەماڵ دەکات

یاسین