zagros news agency

پێکدادانی دوو کەشتی لە ئەمریکا 32 برینداری لێکەوتەوە

 

لە نیوئۆرلینزی ئەمریکا 32 کەس بریندار بوون، دوای ئەوەی کەشتییەکی نەوت بەر کەشتییەکی گەشتیاری کەوت کە لە رووباری میسیسیپی لەنگەری گرتبوو، بەهۆیەوە بەشێکی کەشتییەکە تێکشکا. دەسەڵاتدارانی ناوچەکە رزگاربوونی سەرجەم سەرنشینان و ئەندامانی تیمی کەشتییەکەیان پشتڕاستکردەوە.

رووداوەکە کەمتر لە دوو کاتژمێر دوای لەنگەرگرتنی کەشتیی گەشتیاریی “ئەمریکان هێریتیدج” روویدا کە سەر بە کۆمپانیای “ئەمریکان کرووز لاینز”ـە، کاتێک کەشتییەکی نەوتی “ئەتڵانتیک ئەسفاڵت” خۆی پێدا کێشا.

هێلینا مۆرینۆ، سەرۆکی شارەوانیی نیوئۆرلینز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 32 کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە ناوخۆییەکان. مۆرینۆ جەختیشی کردەوە هیچ برینێکی مەترسیدار تۆمار نەکرا.

سەرۆکی شارەوانیی نیوئۆرلینز روونیکردەوە، لەناو بریندارەکاندا دوو پۆلیس هەن کە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی گواستنەوەی سەرنشینەکاندا دەکرد. هاوکات روونیکردەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر کەشتییەکە بوون، لە نێوان 180 بۆ 190 کەس بووە.

تیمەکانی فریاگوزاری توانییان نزیکەی 87 کەس بگوازنەوە پێش ئەوەی کەشتییەکە بە لایەکدا وەرگەڕێت. مۆرینۆ لەوبارەیەوە گوتی: “هیچ کەسێک بێسەروشوێن نییە، هەموویان دۆزراونەتەوە”.

لەلایەکی دیکەوە، جێف لاندری، حاکمی لویزیانا رزگاربوونی سەرجەم سەرنشینانی کەشتییەکەی بە “موعجیزەیەکی راستەقینە بە هەموو مانایەکی وشە لە رووباری میسیسیپیدا” وەسفکرد.

کۆمپانیای ئەمریکان کرووز لاینز رووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند “میوانان و ئەندامانی تیمی کەشتییەکە گواستراونەتەوە، ئێمە نیگەرانییەکی زۆرمان بۆ سەرجەم زیانلێکەوتووان هەیە”.

کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکی دیکەدا رایگەیاند، کار بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە لە هۆتێل بۆ سەرجەم سەرنشینەکان دەکەن و دڵنیادەبنەوە لەوەی پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت.

لە یەکەم کاردانەوەی کۆشکی سپیشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی سەکۆی ترووس سۆشەڵەوە دەستخۆشیی لە لاندری کرد و سوپاسی کرد لەسەر سەرکردایەتییە دیارەکەی لەو کاتە سەختەدا.

دوای رووداوەکە، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە هاتوچۆی کەشتییەکانیان لەو بەشەی رووباری میسیسیپی کە زیانی بەرکەوتووە راگرت. هاوکات پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا و ئەنجوومەنی نیشتمانیی سەلامەتیی گواستنەوە لێکۆڵینەوەیەکیان بۆ دیاریکردنی هۆکار و وردەکارییەکانی پێکدادانەکە دەستپێکرد کە تا ئێستا نادیارە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سۆمۆ: بەمزووانه رۆژانه 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکەین

یاسین

کەشناسى پێشبینییەکانی  بۆ 48 کاتژمێرى داهاتوو راگەیاند

سەڵاح

نرخەکانی نەوت ئاستێکی پێوانەیی نوێیان تۆمارکرد

سەڵاح