zagros news agency

چین دیداری سێقۆڵی نێوان شی، پوتین و ترامپ پشتڕاست دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، شی جین‌پینگ، ڤلادیمیر پوتین و دۆناڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری شێنژێن کۆدەبنەوە و چاوەڕوان دەکرێت تاوتوێی کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و جەنگی ئێران بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە شی جین‌پینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی نۆڤەمبەر، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە شاری شێنژێنی چین ئەنجام دەدات.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکەکانی چین، ڕووسیا و ئەمریکا لە چوارچێوەی کۆنفرانسی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئاپێک) بەڕێوە دەچێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری لەبارەی تەوەری گفتوگۆکانەوە نەخستەڕوو.
پێشتر کۆشکی سپی و کرملین پشتڕاستیان کردبووەوە کە ئەم کۆبوونەوە سێقۆڵییە ئەنجام دەدرێت. بەپێی ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس، بەرپرسانی ئەمریکی گوتیان کە ترامپ لەم دیدارەدا نیازی هەیە تاوتوێی کەمکردنەوەی کۆگاکانی چەکی ئەتۆمی و هەروەها جەنگی ئێران لەگەڵ شی و پوتین بکات، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەم کۆبوونەوەیەدا باس بکرێت.
فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی وڵاتەکەی گوتبووی کە شی لە دیدارێکی ئەم دواییەدا “ناڕەزایی” دەربڕیوە لەبارەی خستنەڕووی پرسی ئۆکرانیا لە کارنامەی گفتوگۆ سێقۆڵییەکاندا و بە ڕوونی گوتبووی کە ئەمە “ناکۆکییەکی ئەورووپییە و دەبێت ئەورووپییەکانیش لە گفتوگۆکاندا ئامادە بن”.
چین ماوەیەکی زۆرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێش ئەوەی پەکین ڕەزامەندی بدات لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆکان سەبارەت بە کۆگای چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەی، دەبێت ئەمریکا و ڕووسیا سەرەتا کۆگاکانی چەکی ئەتۆمیی زەبەلاحی خۆیان کەم بکەنەوە. لە ئێستادا ڕووسیا و ئەمریکا بە جیاوازییەکی زۆر گەورەترین کۆگاکانی چەکی ئەتۆمیی جیهانیان هەیە و چین لە پلەی سێیەم دایە، هەرچەندە کۆگای چەکی ئەتۆمیی چین بە خێراییەکی زیاتر لە گەشەکردندایە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی دەزگەی ئەلمەدا دەکات

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئیمارات کۆبووەوە

یاسین

کەشناسی هەرێم: باران و بروسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە

سەڵاح